بۆچی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تەواو نەبوو؟

نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی بەشی یەکەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی-دا تێپەڕبووە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتانەی، کە ماون، ڕێگا نادات کابینەکە تەواوبکرێت.


شەوی ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا بە بەشێك لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و ١٤ وەزیر متمانەیان پێدرا، هەشت وەزارەتیش بە پڕنەکراوەیی مایەوە و وەزیریان بۆ دیاریی نەکرا، بەڵام سەرۆک وەزیران هێشتا کابینەکەی تەواو نەکردووە و هێزە سیاسییەکان پێشبڕکێیانە لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتانە، بەتایبەت وەزارەتە سیادییەکانی بەرگریی و ناوخۆ و داد.

ئەو وەزارەتانەی، کە یەکلایی نەکراونەتەوە پێکهاتوون لە" کۆچوکۆچبەران، بەرگریی، ناوخۆ، داد، پەروەردە، ڕۆشنبیریی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، پلاندانان"، بەگوێرەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەیە، فالح فەیاز لە هاوپەیمانیی فەتح کاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە، بەڵام لەناو شیعەکاندا بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو کاندیدە هەیە و هەموویان هاوڕا نین فەیاز وەزارەتەکە وەربگرێت.

هەر بەگوێرەی ڕێککەوتنی سیاسیی وەزارەتی بەرگریی لە پشکی سونەیە، پێشتریش ناوی فەیسەڵ فەنار، وەک کاندید بۆو ەرگرتنی ئەو وەزارەتە چووە ناو پەرلەمان، بەڵام لایەنە سوننییەکانیش گرفتیان لە دیارییکردنی کاندیدەکەدا هەیە و لەسەر یەک کاندید یەکەلایی نەبوونەتەوە.

لایەنی کوردییش، کە دوو وەزارەتی وەرگرتووە و هەردوو وەزارەتەکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بووە، چاوەڕێی وەرگرتنی دوو وەزارەتی دیکەیە، کە هەریەک لە وەزارەتی کۆچوکۆچبەران و وەزارەتی داد-ە.

پ.د.ک نەوزاد هادی، پارێزگاری ئێستای هەولێری کاندید کردووە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی کۆچوکۆچبەران، هەروەها، ی.ن.ک خالید شوانی، کاندید کردووە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق نایەوێت ئەو وەزارەتە سیادییە بدرێت بە ی.ن.ک و لای ئەو هێشتا زامی لەدەستدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن حزبەکەیەوە و وەرگرتنی لەلایەن ی.ن.ک –ەوە ساڕێژ نەبووە، بۆیە وەک ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی ی.ن.ک دەڵێت:"پارتی هەموو هەوڵێک دەدات یەکێتی ئەو وەزارەتە وەرنەگرێت"، لەلایەکی دیکەشەوە، بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، سووربوونی حزبەکەی لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە دووپات دەکاتەوە.

هەوڵەکانی ی.ن.ک بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی ناردووەتە بەغدا، بۆ ئەوەی پشتگیریی لایەن عێراقییەکان بەدەستبهێنێت.

هەروەها، بزوتنەوەی گۆڕانیش بە مافی خۆی دەزانێت، کە لە حکومەتی نوێی عێراق وەزارەتێک وەربگرێت، شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، کە پ.د.ک پشتیوانیی گۆڕان دەکات بۆ ئەوەی وەزارەتی داد وەربگرێت، تەنیا لەپێناو ئەوەی ئەو وەزارەتە بۆ ی.ن.ک نەبێت.

بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا کابینەکەی عاد عەبدولمەهدی تەواو بکرێت، بەڵام ئاشکرایە، کە هەتا ڕێککەوتنی سیاسیی لە دەرەوەی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو وەزارەتانە دروست نەبێت، زەحمەتە پەرلەمان بتوانێت بڕیار لەو بارەیەوە بدات.

ش.ف