بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت پۆلیسی نەجەف بوک و زاوایەکی بەڕێکرد

لە ترسی پەیدابوونی قەرەباڵغی، پۆلیسی نەجەف یاوەری بوک و زاوایەکی کرد.


میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە لەژێر هەلومەرجێکی سەپێنراوی سەختی قەدەغەی هاتووچۆدا، ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە بە ئاگاداری پۆلیسی پارێزگاکە ئەنجامدراوە.

ئەو بوک و زاوایە پاش ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە، مۆڵەتی بەیەک گەیشتیان وەرگرتووە، بەڵام بەمەرج.

بەپێی وتەی پۆلیسی نەجەف، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی بوک گواستنەوەکە دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس یاوەری ئۆتۆمبێلی زاوایان کردووە تا ڕێگە بگرن لە دروستکردنی قەرەباڵغی کە لەم کاتەدا بەهۆی مەترسی کۆرۆناوە قەدەغە کراوە و تا شوێنی مەبەست یاوەرییان کردووە.

یەکەم حاڵەتی کۆرۆنا لە عێراق لە پارێزگای نەجەف تۆمارکرا تا ئێستاش لەکۆی ٨٢٠ حاڵەتی کۆرۆنا لەوڵاتەکە، ١٧٥ توشبوویان لە پارێزگای نەجەف بووە، لەو ڕێژەیەش تا ئێستا ٥٠ کەسیان چاکبوونەتەوەو چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوەو چوار توشبووش تا ئێستا ڕەوانەی وڵاتی ئێران کراونەتەوە.

د.ع