بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەنها مانگێک ماوە

سەرۆک کۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەگوێرەی یاسا ٣٠ ڕۆژ کات لەبەردەم عەبدولمەهدیدا دەبێت بۆ ئەوەی کابینەکەی پێکبهێنێت.


شەوی ڕابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامدا، تیایدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح، کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان- ی.ن.ک، بە بەدەستهێنانی ٢١٩ دەنگ، وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بە دوو خوول بوو، لە خوولی یەکەمدا هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دوو لەسەر سێ-ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن، بەوهۆیەشەوە خوولی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەهێزترین کاندیددا ئەنجامدرا، کە هەریەکە لە فوئاد حسێن، کاندیدی پارتی و بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتی بوو، لە ئەنجامیشدا بەرهەم ساڵح توانی ٢١٩ دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق.

دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق سوێندی یاسایی خوارد، عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ڕاسپارد.

بەگوێرەی یاسا، پێویستە ئەو کەسەی کە سەرۆک کۆمار بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت ڕایدەسپێرێت، لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا کابینەی حکومەتەکەی پێکبهێنێت و بیباتە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەگەر ئەو کەسەی سەرۆک کۆمار ڕایسپاردووە بۆ پێکهێنای حکومەت لەو ماوەیەدا نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا بەگوێرەی مادەی ٧٨ی دەستوور سەرۆک کۆمار پێویستە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کەسێکی دیکە لە گەورەترین کوتلە دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی لەماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت، ئەگەر ئەمەش نەیتوانی ئەوا پێویستە سەرۆک کۆمار کەسێکی دیکە دیاری بکات، بەڵام ئەمەیان مەرج نییە لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمان بێت، سەرۆک کۆمار دەستی کراوە دەبێت بۆ دیاریکردنی کەسێک لە هەر کوتلەیەک بێت.

چاودێران پێیان وایە، کە عادل عەبدولمەهدی بە ڕێککەوتنی لایەنە شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریکراوە.

عادل عەبدولمەهدی کێیە؟

عادل عەبدولمەهدی، کەسایەتییەکی سیاسی سەربەخۆی ناو شیعەکانە، لەساڵی ١٩٤٢ لەدایکبووە، لە سەرەتای گەنجیدا تێکەڵ بە سیاسەت بووە، ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق بووە.

ناوبراو خاوەنی دوو بڕوانامەی زانستییە لەبوارەکانی ئابووریی و زانستی سیاسیی، بڕوانامەی بەکالیۆریۆسی لە زانستی ئابووریی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، بڕوانامەی ماستەری لە زانستی سیاسی لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە.

عادل عەبدولمەهدی ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و لەساڵی ٢٠١٤ بووەتە وەزیری نەوتی عێراق، پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ سەرکردەکانی کورددا هەیە.

س.ح