بیرهێنانەوەی ساکینەیان قەدەغە کرد و ٥٠ کەسیان دەستگیرکرد.. نوێکرایەوە

لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، هێزەکانی ئاسایش ڕێگریان کرد لە یادکردنەوە و نمایشکردنی فیلمی ساکینە جانسز و نزیکەی ٥٠ کەسیشیان دەستگیر کرد، لەناویاندا تارا حسێن، وتەبێژى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان هەیە.


ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان –ڕژاک ویستیان لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی لە سلێمانی، فیلمەکەی ساکینە جانسز نمایش بکەن و بیرهێنانەوەیەک بۆ ساکینە جانسز و هەڤاڵەکانی ئەنجام بدەن، هەروەها خەڵاتی ساکینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێکرا.

هێزەکانی ئاسایش لە سلێمانی تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نزیکەی ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە، کە زۆرینەیان ژنن، هەروەها لەناو گیراوەکاندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ و نیو هەیە.

لەناو دەستگیرکراوەکاندا بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادییش هەن و دەستبەسەر مۆبایلەکانیشیاندا گیراوە.

دوای ئەوەی لەلایەن ئاسایشەوە قەدەغە کرا لە سینەما سالم فیلمی ساکینە جانسز نمایش بکرێت، ڕژاک ویستی لە پارکی ئازادیی نمایشی بکات، بەڵام لەوێش ڕێگریی کرا.

ک.ک