بەدواداچوون  بۆ کەیسی  کچە هەشت ساڵانەکە دەکرێت

چەند پەرلەمانتارێک بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو منداڵە هەشت ساڵانە دەکەن، کە لەلایەن دوو پیاوەوە دەستدرێژیی کرایە سەری و هەردووکیشیان ئازاد کران.


ئێوارەی  ئەمڕۆ چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەردانی لوقمان عەزیز و (ل.لوقمان)ی تەمەن هەشت ساڵیان کرد، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆسییەی (ل) و بەدواداچوون بۆی.

کارزان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێم لەبارەی ئەو ئەنجامانەی لەو سەردانەدا پێیگەیشتوون بە ڕۆژنیوزی وت: لوقمان ئیسماعیل داوای هەیە و هیچ کەسێکیش داواکاریی لەسەر ئەوان نییە؛ بەڵام لەژێر کۆمەڵێک فشار و هەڕەشەی بەردەوام دایە بۆ پاشەکشەکردن لە دۆسیەکە- بۆیە پاراستنی ژیانی لوقمان ئیسماعیل و منداڵەکەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێرە تا یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە لە دادگا.

کارزان گەزنەیی، وتیشی: لە چەند ڕۆژی داهاتوو تەواوی مەلەفەکە وەردەگرین و بە شێوەیەکی یاسایی وردبینی و بەدواداچوونی بۆ دەکەین، هەڵبەت پێش یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە و بڕیاری دادگا ناکەوین، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە کە سازش لەسەر هیچ مافێکی یاسایی ناکەین لە ئەنجامی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە لە دادگا و تاوانبار هەرکەسێکە دەبێتە بە سزای تەواوی یاسای خۆی بگات.

(ل. لوقمان)ی تەمەن ٨ ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر له‌ ٤ی ئازاری ٢٠١٩ له‌لایه‌ن دوو پیاوەوە و بە هاوكاریی دوو ژن دەستدرێژیی سێكسی كرایه‌سه‌ر.

ئه‌گه‌رچی تاوانباران له‌ ١٤ی نیسانی هه‌مان ساڵ دەستگیركران و لەكاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا دانیان بە تاوانەكەیاندا نا، بەڵام لە ١٧ی حوزه‌یران ئازادكران و له‌وكاته‌شه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانی باوكی قوربانییه‌كه‌ بۆ به‌ سزا گه‌یاندنیان بێ ئاكام بووه‌.

دوێنێ، لوقمان ئیسماعیل، باوکی کچە قوربانیەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: تۆمەتبارەکان لەلایەن بەرپرسێکی پارتییەوە داڵدە دەدرێن و لە سزاو لێپێچینەوەی دادگا دەربازیان دەکات، هاوکات بەرپرسانی پۆلیسیش بە ئاشکرا هەڕەشەی لێدەکەن کە دەستبەرداری دۆسیەی کچەکەی ببێ و سکاڵاکانی بکشێنێتەوە.

 

ش.ف