بەردەوامی پچڕانی ئینتەرنێت و کەشوهەوای ئەمنی لە ئێران بەردەوامە

پچرانی ئینتەرنێت بە فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران بەردەوامە و دەستگەیشتن بە زانیاری دژوارە، کەشوهەوای ئەمنی لە هەموو شارەکان بەردەوامە، هەروەها تەرمی هەشت خۆپیشاندەر لە مەریوان ڕادەستی خانەوادەکانیان کرایەوە.


شەش ڕۆژ لەمەوبەر دەوڵەتی ئێران نرخی بەنزینی سێ هێندە بەرز کردەوە، کە لە هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و بووە هۆی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران.

هەر ڕۆژی دووەمی خۆپیشاندانەکان دەوڵەتی ئێران بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە، هێڵەکانی ئینتەرنێتی پچڕاند و سانسۆری لەسەر هەموو ڕاگەیاندنەکان دانا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە هەواڵەکان لە ناوخۆی ئێران قورستربێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناوبەناو زانیاری بڵاو دەکرێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێستادا کەشوهەوایەکی قورسی ئەمنی بەسەر هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاوە و بە هۆی پچڕانی ئینتەرنێت و کۆنترۆڵی هێڵەکانی تەلەفۆن بە شێوەی سەرتاسەری، زانیاریی لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دەست ناکەوێت.

هەرچەند هیچ ئامارێکی فەرمی لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە و ئەو ئامارانەش کە بڵاو دەکرێنەوە جیاوازییان تێدایە، بەشێوەیەکە هەندێک باس لە کوژرانی زیاتر لە ٢٠٠ کەس و هەندێکیشیان باس لە کوژرانی ژمارەیەکی زیاتر دەکەن، بەڵام دوێنێ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینتەرناشنال) کوژرانی ١٠٦ کەسی پشتڕاست کردبووەوە، کە زۆرترین ژمارەی کوژراوەکان هی شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە کوژرانی ١٦ کەس لەو شارە پشتڕاست کراوەتەوە، دوای ئەوەش شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بە ١٤ کوژراو و ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان بە ١٤ کوژراو و شاری مەریوان لە پارێزگای سنە بە ٩ کوژراو زیاترین قوربانییان داوە.

لەسەر ژمارەی بریندارەکانیش ئامارێکی ڕوون نییە، بەڵام بەپێی تویتێکی شاهد عەلەوی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئێرانی کە پشتی بەستبوو بە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، تا ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش برینداربوون.

بەپێی هەواڵێک کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، شەوی ڕابردوو تەرمی هەشت کەس لە شەهیدانی شاری مەریوان لە گۆڕستانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕادەستی خانەوادەکانیان کراوەتەوە و داوایان لێکراوە کە دەستوبرد بە خاکیان بسپێرن و کەس ئاگادار نەکەنەوە.

ئەمانەش لە کاتێکدایە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران ڕایگەیاندووە، کە کۆتاییان بە چالاکییەکانی گەلانی ئێران هێناوە، کە ئەوان بە دوژمن و دەستی دەرەکی لە قەلەمی دەدەن.

س.ح