بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان دەنگدان لەسەر وەزیرەکانی تێدا نییە

هەرچەندە بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگ لەسەر پڕکردنەوەی هەشت وەزارەتەکەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بدرێت، بەڵام ئەو پرسە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندا نییە.


سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە، کە تێیدا چەند پەرلەمانتارێک سوێندی یاسایی دەخۆن و لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوون بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا دەکرێت، هاوکات ئەو پڕۆژەیاسایانە دەخرێنەڕوو کە لە خولی پێشوودا دەنگیان لەسەر نەدراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دانیشتەنەکەی ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکومەتی نوێ، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان، دواخرا بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڵام ئەو پرسە لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەرهێندراوە.

بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر ناوی کاندیدانی وەزارەتەکان، تا ئێستا عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران نەیتوانیوە کابینەکەی تەواو بکات و هەشت وەزارەتی بەبێ وەزیر ماونەتەوە.

ش.ف