بەرهەم ساڵح: گرنگە پرسی سوریا دوور لە لەشکرکێشیی چارەسەر بکرێت

سەرۆک کۆماری عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نەرویج، ئاماژەی بە گرنگیی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ پرسی سوریا کرد، دوور لە دەستوەردانی دەرەکیی و لەشکرکێشیی.


ئیرنا سۆلبێرگ، سەرۆک وەزیرانی نەرویج لە بەغدایە و ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لەلایەن د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک کۆمار، لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح ئاماژەی بە گرنگیی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ پرسی سوریا کردووە، دوور لە دەستوەردانی دەرەکیی و لەشکرکێشیی.

هەروەها، باسی لە پێویستیی" پێشکەشکردنی یارمەتیی و کۆمەکی بەپەلە کردووە بۆ ئاوارەکان، کە لە ئەنجامی پەلاماری سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا دەربەدەربوون".

ھەر لە دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ھاریکاریی نێوان ھەردوو وڵات کراوە لە بوارە جیاجیاکاندا، ھاوکات پێشھاتەکانی ئەم دوایەی ناوچەکە و جیھان و جەنگی دژ بە تیرۆر خراوەتە ڕوو.

ش.ف