بەشێک لە ژیاننامەی دیار غەریب

دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە، کە لە ٥ی ئەم مانگەدا و لەتەمەنی ٤٦ ساڵیدا لەبۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لەگەڵ دوو هەڤاڵی گەریلایدا شەهید دەبێت، لەو تەمەنیدا چەندین کاری دیار و پڕ بەرهەمی بۆ گەل و نەتەوەکانی ناوچەکە ئەنجامداوە.


دیار غەریب، کە لەناو هاوخەباتەکانی بە هەڤاڵ هەڵمەت بانگیان دەکرد، لەساڵی ١٩٧٣ لەگوندی سێوسێنانی ناوچەی قەرەداغ، لە سنوری شاری سلێمانی لەدایک بووە، چەند ساڵێکی منداڵی لەگوند بەسەر بردووە، دواتر لەساڵی ١٩٨٠ ماڵیان دێتە شاری سلێمانی، بەڵام لەبەر ئەوەی حەزی بەژیانی گوند دەبێت، بەردەوام سەردانی گوندەکەیان دەکاتەوە و ماوەیەکی زۆر لە گوندەکەیان دەمێنێتەوە.

لەبەر ئەوەی لەسنووری گوندەکەیان بارەگای پێشمەرگە هەبووە، ئەوکاتانەی لەوێ ماوەتەوە ئاشنای ژیانی پێشمەرگە بووە و لەو ڕێیەوە ڕۆحی نیشتیمان پەروەریی تێیدا گەشەی کردووە.

دیار غەریب، لەشاری سلێمای گەورە دەبێت و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواودەکات و دواتر بەشی زانستی فیزیا لە زانکۆی سەڵاحەدین لەشاری هەولێر تەواو دەکات، بێجگە لەخۆی کە بەشداریی لە تیکۆشانی بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کوردا کردووە، برایەکی بەناوی دلێر، لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ لەشاری کەرکوک شەهید بووە.

لەدوای ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ بۆشاییەک لەخەباتی سیایسی لە باشوری کوردستان دروستدەبێت، دیار غەریب، کەلەو سەردەمەدا لە تەمەنی مێرد منداڵیدا دەبێت، ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئۆجالان بەرگوێی دەکەوێت، لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان زیاتر ئاشنای بیر و ئایدۆلۆژیای پەکەکە دەبێت، بۆیە لەساڵی ١٩٩٢ وە لە ڕێکخستنەکانی پەکەکە نزیک دەبێتەوە و لەساڵی ١٩٩٥ بە فەرمی دەبێتە ئەندامی پەکەکە،

بەهاری ساڵی ١٩٩٧ هەڵدەبژێریت بۆ ئەوەی بڕوات بۆ خولێکی پەروەردەیی کە لەلایەن ئۆجالانەوە دەوترایەوە، بەڵا لەبەر ئەوەی ئۆپراسیۆنی دەوڵەتی تورک دەستپێدەکات بۆسەر چیاکانی کوردستان چەند مانگێک لەناو شەڕدا دەمێنێتەوە، پاش کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەکان لەمانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٧ دەڕوات بۆ ئەکادیمیای ئۆجالان.

دیار غەریب، لەبارەی ئەو ماوەیەی لە ئەکادیمیای ئۆجالان بووە دەڵێت: پێش ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی پەکەکە وە بکەم، چەندین کتێبی سەرۆک ئاپۆ-م خوێندبووەوە، واتا ئاشانبووم بەبیری ئۆجالان، بەڵام بینینی شتێکی جیاوازبوو بۆمن، بێجگە لەوتەکانی لە هەڵسوکەوتەکانیشییەوە شتی زۆر فێربووم.

هەروەها دەڵێت: خاڵی بەهێزی ئۆجالان ئەوەبوو شتی شاراوەی نەبوو، هەموو شتێکی بە ئاشکرا دەوت، ئەوەی بەئێمەی دەوت بە هەموو کەسێکی دەوت، لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش دەیوت.

دیار غەریب، لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کوردا چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، لەساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا پارتی چارەسەریی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنێت، لەساڵی ٢٠٠٨ بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەبێتە سەرۆکی پارتی چارەسەریی، لەساڵی ٢٠١٤ وە دەبێتە ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، دامەزراوەیەکە، نوێنەری زۆرینەی پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستان تێیدا ئەندامن، ئەویش وەک نوێنەری باشوری کوردستان دەبێتە ئەندامی ئەو دامەزراوەیە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کەجەکە، دیار غەریب، لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا، لەگەڵ دوو هەڤاڵی گەریلادا لە بناری قەندیل، لە هێرشێکی فڕۆکەجەنگییەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بووە، کەجەکە ڕایگەیاندووە، کە شەهیدکردنی دیار غەریب و هەڤاڵانی بە پیلانی هاوبەشی خیانەتکارانی ناوخۆ و دەوڵەتی تورک بووە.

شەهید بوونی دیار غەریب، زامێکی قوڵی کردە دڵی هاوخەباتانی و ئەو کەسانەی کە دەیان ناسی.

د.ع