بەغدا، ئاماری فەرمی کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکان ئاشکراکرا

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری فەرمی کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراقی ئاشکراکرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی تەندروستی لەبارەی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق ١٠٤ کەس کوژراون کە هەشتیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون و شەش هەزار و ١٠٧ کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها ٥١ باڵەخانە و هەشت بارەگای پارتە سیاسییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراون.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیش وتی: ڕێوشوێنە ئەمنییەکان کاتی بوون، لە هەموو وڵاتێک کاتێک قەیرانێک دروستدەبێت، کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی خەڵک و دامەزراوەکان.

ک.س