بەغدا، بۆمبێکی چێندراو لەسەر پردی سنک پوچەڵکرایەوە

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کە بۆمبێکی چێندراو لەسەر پردی سنک لە ناوەندی شاری بەغدا پوچەڵکراوەتەوە.


ئەمڕۆ لیوا عەبدولکەریم خەلەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هێزە چەکدارەکان، ڕایگەیاندووە کە بۆمبێکی چیندراو لەسەر پردی سنک، لەبەری ڕەسافە لە ناوەندی شاری بەغدای پایتەخت پوچەڵکراوەتەوە.

پردی سنک، یەکێکە لەو پردانەی ناوەندی شاری بەغدا، کە خۆپیشاندانی لەسەر ئەنجامدەدریت.

شایەنی باسە، شەوی ڕابردوو، لە شاری بەسرە و شاری بەغداد ١٠ خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامبدرێت، لەبەر ئەوەی ڕۆژانی هەینی خۆپیشاندانەکان گڕوتینێکی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزێکی زۆری ئەمنی لە شاری بەسرە بڵاوەی پێکراوە و چەندین شەقام لەلایەن ئەو هێزانەوە داخراوە.

د.ع