بەغدا، جوتیارانی هەرێم لە گۆڕپانی تەحریر گردبوونەوە

ژمارەیەک لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان، بۆ داواكردنی پارەی گەنمی ساڵانی ڕابردوویان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا گردبوونەوە، ڕەخنەی توندیشیان لەنوێنەرانی کورد لە بەغدا گرت، بەوەی ناتوانن فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جوتیاران خەرجبکرێت.


 ئەمڕۆدەیان جوتیاری هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی سەرجەم جوتیاران لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق، بۆ داواكاری وەرگرتنی پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و٢٠١٦ كە بەشێك لە پارەی ئەو ساڵانە کە بڕەکەی نزیكەی ٥٥٤ ملیار دینارە لای حكومەتی عێراق ماوە گردبوونەوە.

جوتیاران لە گردبونەوەکیاندا ڕەخنەی توندیان لەنوێنەرانی کورد لە بەغدا گرت بەوەی کەمتەرخەمن لەفشار دروست کردن لەسەر حکومەتی ناوەند بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم خەرج بکات.

لەماوەی ڕابردوودا بەشێك لە جوتیاران لەڕێگەی دادگاوە لەسەر ئەو پرسە سكاڵایان لەسەر وەزیری بازرگانی عێراق تۆمار كرد و تا ئێستا ئەو بابەتە لە دادگا ماوەتەوە و جوتیارانی هەرێمیش لەچاوەڕوانی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیاندان.

ک.س