بەغدا، سەدان سەرباز و پۆلیس ٦ ڕۆژە لە مانگرتندان

لە شەڕ دژی چەتەکانی داعشدا، هەزاران پۆلیس و سەربازی عێراق هەڵهاتن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراق دووریان بخاتەوە، ئێستا بۆ گەڕانەوە بۆ سەركارەكانیان لە گۆڕەپانی 'تەحریر' لە بەغدا مانیان گرتووە.


ئەو پۆلیس و سەربازانەی لە شەڕی داعش هەڵهاتوون ژمارەیان نزیكەی ١٦ هەزار كەس دەبێت، زۆرینەیان لە پارێزگای كەركوك و نەینەوان، حکومەتی عێراق بە تۆمەتی 'هەڵهاتن لە جەنگ'  گرێبەستەكانیانی هەڵوەشاندووەتەوە، لە بەرامبەردا سەدان کەس لەو کارمەندانە، ئەمڕۆ شەش رۆژە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا مانیان گرتووە.

مانگرتووان کە ئەندامی وەزارەتەکانی بەرگری و ناخۆ بوون لە ڕابردوودا، ئێستا هەڕەشەی ئەوە دەکەن، كە بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان، تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت.

بۆ بڕیاردان لەسەر داواکاریی ئەو مانگرتووانە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق  لەگەڵ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری كەوتونەتە سەرخەت بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەك بۆ ئەو کەسانە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، مانگرتنەکان بەردەوامیی هەیە و هیچ وەڵامێکی مانگرتووان نەدراوەتەوە.

س.ح