بەهۆى بومەلەرزەکەوە هێشتا هاوڵاتیانى کرماشان لەچادردا دەژین

ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ڕوودانى بومەلەرزە وێرانکەرەکەى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا، کە بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، هەروەها نزیکەى ٨٠ هەزار کەس ئاوارەبوون، بەڵام هێشتا ئەو ناوچانە ئاوادەن نەکراونەتەوە و ئاوارەکان لەناو چادر و کابینەدا دەژین.


کاتژمێر ٩:٤٨ خولەکی شەوی ١٢ تشرینی دووەمى ساڵی ٢٠١٧ بومەلەرزەیەکى بە هێز، کە پلەکەى لەنێوان ٧.٣ پلەى ڕێختەردا بوو، شارى کرماشان-ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و دەوروبەرى هەژاند، کە زیانى گیانى و مادى زۆرى لێکەوتەوە.

ئەو بومەلەرزەیە هێندە بەهێز بوو، کە نەتەنیا کرماشان و پارێزگاکانی دەوروبەری هەژاند، بەڵکو لە هەموو کوردستان و ئێران بە گشتی و وڵاتانى عێراق، تورکیا و کوەیت و چەند وڵاتی دیکە هەستى پێکرا.

ناوەندی ئەو بومەرزە بەهێزە، شارۆچکەی ئزگڵە بوو لە پارێزگای کرماشان، کە دەکەوێتە نزیکی شاری سەرپێڵی زەهاو، بەڵام لە شارەکانی قەسری شیرین، گیلانی ڕۆژئاوا، شاباد (ئیسڵامئاوای ڕۆژئاوا)، کرن، سومار، نەفتشار، جوانڕۆ، ڕەوانسەر، پاوە لە پارێزگای کرماشان و دەربەندیخان و هەڵەبجەی باشوری کوردستانیش بووبە هۆی زیانی گیانی و ماددی.

ژمارەی ڕاستی کوژراو و بریندارەکانی ئەو کارەساتە هەتا ئێستاش بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، ئەو ئامارە فەرمییانەى لەلایەن حکومەتى ئێران-ەوە بڵاوکرانەوە، باس لە گیان لە دەست دانی ٦٢٣ کەس و برینداربوونی ٩ هەزار و ٣٨٨ کەس دەکات،  بەڵام سەرچاوە هەرێمیەکان بە پشتبەستن بە کۆکردنەوەی داتا مەیدانییەکان، کە شاربەشار و گوندبەگوند کۆکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەکەن، کە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس بووە و بریندارەکانیش بە زیاتر لە ١٥ هەزار کەس ئەژمارکراوە و، زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

ساڵێک گوزەراوە و سەرەڕای هەموو بەڵێنەکانی کاربەدەستانی حکومەتى ئێران، بەڵام نەتەنیا خانووەکان نۆژەن نەکراونەتەوە، بەڵکوو هێشتا زۆرێک لە ئاوارەکانى ئەو بومەلەرەیە لە ناو کابینە و چادر-دا دەژین.

حکومەتى ئێران، کە خاوەنی سامانێکی زۆری سەرزەوی و ژێرزەوییە و بە گوێرەی پسپۆرانی بواری ئابووری یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، لە ڕووی سامانی سروشتی و کانزایی-یەوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە کێشەی شارێک چارەسەر بکات.

بەهۆى دۆخى نالەبارى ژیانى ئاوارەکان و ئەو کەسانەى کە بەهۆى بومەلەرزەکەوە ماڵ و سامانیان لەدەستداوە، زۆرجار هەواڵی خۆکوشتنی ئاوارەکان دەبیسترێت، بەڵام ئەو هەواڵانە هیچ کات کاربەدەستانى حکومەتى ئێران ڕاناچڵەکێنێت.

سەرنجڕاکێشترین ڕوداو لە دوای کارەساتی بومەلەرزەکە، یارمەتی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران بوو، کە بە شێوازێکی بەرچاو توانییان بەشیک لە برینەکانی ئەو کارەساتە سارێژ بکەن و کاربەدەستانی دەوڵەتی تێبگەینێت، کە خەڵک چاوەڕی فەرمانی ئەوان نابن و خۆیان برینەکانی خۆیان دەبەستن.

د.ع