بەهۆى ناکۆکییەکانەوە هەیکەلى نوێى حکومەتی عێراق دیار نییە

لەگەڵ ئەوەى ناکۆکیى هەیە لە نێو شیعەکاندا بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق، لەنێو کورد و سوننە-شدا، ناکۆکیى هەیە بۆ ئەوەى کێ پۆستى سەرۆک کۆمار و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران وەربگرێت، ئەوەش وایکردووە هەیکەلى نوێى حکومەتی عێراق دیار نەبێت.


بڕیارە سبەینی ١٥ی مانگ، دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێی عێراق بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە.

ماوەى زیاتر لە چوار مانگە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆى تانەکان لەسەر پڕۆسەى هەڵبژاردن و ناکۆکیى نێوان لایەنەکانی عێراق، هەتاوەکو ئێستا دیار نییە، کە پۆستەکانى حکومەتى عێراق لە لایەن کێ-وە بەڕێوە دەبرێن.

پۆستە گەورەکانى عێراق، بەپێى ڕێککەوتنەکان لەنێوان کورد و سوننە و شیعە-دا، دابەشدەکرێن، پۆستى سەرۆک کۆمار، بۆ کورد و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران، بۆ سوننە و سەرۆک وەزیران، بۆ شیعە دەبێت.

تا ئێستا بەهۆى ئەو ناکۆکییەکانەى لەنێو ماڵى سوننە و کورد و شیعە-دا هەیە نازاندرێت کێ لەسەر کورسى هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق دادەنیشێت.

کورد، کە پۆستى سەرۆک کۆمار و یەکێک لە جێگرەکانى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران و چەند وەزیرێکى بەر دەکەوێت، تا ئێستا دیار نییە ئەو پۆستە چۆن لەنێوان لایەنەکاندا دابەش دەکرێن، کێشەى سەرەکیش لەنێوان یەکێتى و پارتى-دایە لەسەر وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار، یەکێتى پێى وایە ئەوە پشکى ئەوە و پارتی-ش، دەڵێت، کە بەپێى ئەو کورسیانەى بەدەستى هێناوە پۆستى سەرۆک کۆمار پشکى ئەوە، ئەو پرسەش هەروا بە هەڵواسراویى ماوەتەوە.

لەنێو ماڵى سوننەشدا، ناکۆکیى چڕ هەیە لەسەر ئەوەى کێ بکەنە سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، سوننەکان هەشت کاندیدیان هەیە بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران، کە بریتین لە (محەمەد تەمیم، تەلال زوبەیعى، ئەحمەد جبورى، محەمەد حەلبوسى، ئوسامە نوجەیفى، ڕەشید عەزراوى، ئەحمەد عەبدوڵا جبورى، محەمەد خالیدى) کە بەهێزترینیان محەمەد حەلبوسى و ئوسامە نوجەیفی-یە، ململانێى توند لە نێوان ئەو دوو کاندیدەدا هەیە، بۆیە هێشتا دیار نییە، کە کێ وەک نوێنەرى سوننەکان لەسەر کورسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دادەنیشێت.

بەهەمان شێوەى سوننە و کورد، ناکۆکیى گەورە لەنێوان ماڵى شیعەکاندا هەیە لەسەر ئەوەى کە کێ وەک نوێنەرى شیعەکان، حکومەتى نوێى عێراق پێک بهێنێت و پۆستى سەرۆک وەزیرانى عیراق بەدەست بهێنێت.

ئەردەڵان عەبدوڵا، نووسەر و چاودێرى سیاسى، لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزى وت:"عێراق کۆمەڵێک کێشەی هەیە، کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، لە پێش هەموویانا کێشەی تائیفی، ئابووریی و لە ڕووی سیاسیشەوە نەتوانراوە لە ناو پارتە سیاسییەکانی عێراق-دا گەورەترین بەرەی سیاسی دروست بکرێت بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنریت، ئەمەش چاودێران دەیگێڕنەوە بۆ خیلافی نێوان ئەمەریکا و ئێران، چونکە تا ئێستا هەر یەک لەوان خۆیان بە خاوەنی عێراق دەزانن".

هەروەها سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق، لەسەر زیانى دواکەوتنى دابەشکردنى پۆستەکان، بە ڕۆژنیوزى وت:"ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت ئەوا پەرلەمانتاران و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش بێکاریگەر  دەبن، ناتوانن هیچ شتێک بکەن".

ناوبراو پێى وابوو، کە کارێکى ئەستەمە لەم دانیشتنەشدا پۆستەکانى نێو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق یەکلایی بکرێتەوە و تەنانەت هەژماری یاسایی پەرلەمانتارانیش تەواوببێت.

ئەم ناکۆکیانەى نێو ماڵى پێکهاتەکانى عێراق، پێکهێنانى هەیکەلى حکومەتی عێراق-ى ئەستەم کردووە و ڕەنگە عێراق بەرەو شەڕێکى ناوخۆیى یاخود دابڕانێکى قوڵ لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتدا ببیات، کە سەرەتاکەى لە باشورى عێراق-ەوە دەرکەوتووە.

ش.ف