تورکیا شوێنى زیندانیکردنى ١٥ زیندانیى ژن دەگۆڕێت

بە ئامانجى ئەشکەنجەدانى دەرونى و جیاکردنەوەیان لە هەڤاڵەکانیان، شوێنى زیندانیکردنى ١٥ زیندانیی ژن لە زیندانی باقرکۆی لە شارى ئەستەمبوڵ گۆڕدراوە بۆ زیندانى بونیان، لە شارى قەیسەریە.


 دوێنی ١٥ ژنە زیندانی لە زیندانی ژنانی باقرکۆی لەشارى ئەستەمبوڵى تورکیا،  گواسترانەوە بۆ زیندانی بونیان لە شارى قەیسەریە-ى ئەو وڵاتە.

ناوی ئەو ژنە زیندانیانەی دوورخراونەتەو بۆ زیندانی بونیانی قەیسەریە، بریتین لە: لەیلا باران، سیبەل ئاسلانتاش، هەسرت ئەر، هاجەر یڵدز، مەرگە پۆلات، جیهان تورک، ڕوکەن گوندوز، هولیا ئانجی، بەرمال سۆلاک، ئەجە گۆکداغ، گرن کنای، هاجەر کارا، قەدریە ئلباش، شیلان ئۆکوت، ئەمینە ۆزەر.

ئامانجى سەرەکى دەوڵەتى تورک، لە گۆڕینى جێگەى زیندانییەکان ئەوەیە، کە نەهێڵێت زیندانییەکان لەناو خۆیاندا ڕێکخستن دروستبکەن، چونکە ئەو زیندانیانەى کە زیندانى سیاسین، بەگوێرەى یاسای زیندانەکانى دەوڵەتى تورک هەڵسوکەوت ناکەن و هەوڵى خۆڕێکخستن دەدەن لەناو زیندانەکاندا.

ئامانجێکى دیکەى دەوڵەتى تورک لە گۆڕینى شوێنى زیندانییەکان ئەوەیە، کە فشارى دەرونى لەسەر زیندانییەکان دروستبکات و ئەشکەنجەى دەرونییان بدات، دەوترێت لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەندێک زیندانی دیکەش دوور دەخرێنەوە.

د.ع