تورکیا ١٣٦ ماڵپەڕ و هەژماری ڕخنەگری ئەردۆغانی داخست

دادگایەک لە تورکیا بە دەرکردنی حوکمێک ١٣٦ ماڵپەڕ و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داخستووە، کە یان ڕەخنەیان لە ئەردوغان گرتووە، یان پشتیوانی مافی کوردەکانیان کردووە.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕویتەرز، دادگایەکی دەوڵەتی تورک لە بڕیارێکدا چالاکیی ١٣٦ ماڵپەڕ و هەژماری سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی قەدەغە کردووە و دایخستووە.

بەپێی هەواڵەکە ئەو ماڵپەڕ و هەژمارانەی بەو حوکمە داخراون، یان ڕەخنەیان لە ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا گرتووە یان پشتیوانیان لە مافی گەلی کورد کردووە.

"بیانێت" گروپی سەربەخۆی چاودێری ڕاگەیاندنیش، کە چاودێری ماف و ئازادیی مەدەنی دەکات، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە خۆی یەکێک لەو ماڵپەڕانەیە کە بەو بڕیارە داخراوە.

ڕەخنەگرانی ئەردوغان باوەڕیان وایە، کە ناوبراو بە دەوڵەتەکەیەوە دیموکراسی و مافی مرۆڤیان لە تورکیا وێران کردووە، بەڵام دەوڵەتی ئاکەپە ڕەتی دەکاتەوە و سیناریۆی کودەتاکەی ٢٠١٦ی وەک پاساو دەهێنێتەوە.

س.ح