تورکیا پەنابەرانی فەلەستینیی لە عەفرین نیشتەجێ دەکات

حکومەتی کاتیی سوریا کە دەوڵەتی تورک دروستی کردوە، لە گازی عەنتاب دەستی کردوە بە تۆمارکردنی ناوی پەنابەرە فەلەستینییەکان بۆ ئەوەی لە عەفرین جێگیربکرێن.


ماڵپەری ناوەندی بە دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکانی باکوری سوریا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردوەتەوە، کە تورکیا کار دەکات بۆ جێگیرکردنی پەنابەرە فەلەستینییەکان لە عەفرین.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە: خزمەتگوزاریی و هاوکاری بۆ هەزار و ٥٠٠ خێزانی فەلەستینی دابین کراوە بۆ ئەوەی لە عەفرین نیشتەجێ ببن، هەروەها ئاسانکاریی و کەمکردنەوەی ئەو ئاستەنگیانەی دێتە ڕێگەیان لە کاتی تێپەڕاندنی هەرێمەکان.

هەروەها باس لەوە کراوە، لە کاتی تۆمارکردنی ئەو ئاوارە فەلەستینیانە، بەرواری لەدایکبوون و دۆخی هاوسەرگیریی و حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێن، هەروەها زانیاری خێزانیی و زانیاری لەسەر تاکە کەس و شوێنی لەدیکبوون و شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستا تۆمار دەکرێن.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، کە بەپێی دوایین ئامار، حەوت هەزار و ٨٠٠ بۆ هەشت هەزار فەلەستینی ئێستا لە عەفرین دەژین، ئەوان لە سنوری دیمەشقەوە ڕۆیشتوون بەرەو عەفرین.

لە ڕۆژی ٧ی ١ی ٢٠١٩ گروپێکی فەلەستینی کۆمەڵەی پەنابەرە فەلەستینییەکانیان ڕاگەیاند لە شاری عەزاز لە باکوری سوریا.

هەزاران هاوڵاتی باشوری دیمەشق کۆچبەری باکوری سوریا بوون بەهۆی شەڕەکانەوە، لەناویشیاندا ژمارەیەکی زۆری پەنابەری فەلەستینی، دوای داگیرکردنی شارۆچکەی عەفرینیش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بە بەرنامە کار دەکرێت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین.

بەهۆی شەڕ و ململانێی چەندین ساڵەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلەوە، پەنابەرێکی زۆری فەلەستینی لە سوریا نیشتەجێ بووبوون، دەوڵەتی تورکیش کە بەردەوام فرمێسکی تیمساحیی بۆ فەلەستینییەکان دەڕێژێت و دەیەوێت خۆی وەکو پشتیوانی زوڵملێکراوان نیشان بدات، بەڵام بە داگیرکردنی عەفرین و گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەکە و کوشتنی هاوڵاتیانی کورد، بووەتە گەورەترین زاڵم لە ناوچەکە.

 

ک.ک