تورکیا ڕۆژنامەنووسێکى بە  ٨ ساڵ زیندانی سزادا‌

دادگایه‌كی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ بیانووی 'ئه‌ندامی ڕێكخستن' و 'پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ڕێكخستن' سزای ٨ ساڵ زیندانی كردنی بۆ ڕۆژنامەنووسێکى ئاژانسی هه‌واڵی دیجله‌ (DÎHA) بڕیه‌وه‌.


شه‌شه‌مین دانیشتنی دادگا‌ ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی ئیدریس سایلگان، په‌یامنێری ئاژانسی هه‌واڵی دیجله‌ (DÎHA) كه‌ به‌ گوێره‌ی بڕیارنامه‌ی حوكمی یاسا (BHQ) به‌ندكرابوو، له‌ دووه‌مین دانیشتنى دادگای سزا قورسه‌كانی شاری مووش له‌ باكوری كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا جگه‌ له‌ سایلگان، پارێزه‌ر بارش ئۆفلاس، وته‌بێژی ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد (OGÎ) حه‌قی بۆلتان، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی كارمه‌ندانی یاسا و میدیا (MLSA) پارێزه‌ر زه‌لال په‌لین دۆغان، خانه‌واده‌ و هاوپیشه‌كانی ئیدریس سایلگان ئاماده‌ بوون.

ڕۆژنامه‌نووس ئیدریس سایلگان، له‌ ٢٤ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦-ه‌وه‌ به‌ند كراوه‌، ئه‌مڕۆش دادگا‌ سزای ٨ ساڵ زیندانی كردنی بۆ بڕیه‌وه‌.

د.ع