تەرمی ١٠٠ کەس لە قوربانیانی فڕۆکەکە ناسراونەتەوە

بەرپرسی دادگای تاوانەکانی تارانی پایتەخت ڕایگەیاند، کە تەرمی ١٠٠ کەس لە قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە پزیشکی داد ناسراونەتەوە.


ئەمڕۆ محەمەد شەهریاری بەرپرسی دادگای تاوانەکانی ئێران ڕایگەیاند کە دوای پشکنینی DNA، پاشماوەی تەرمی ١٠٠ کەس لەو کەسانەی لە فڕۆکە ئۆکرانییەکە کە لەتاران لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج، ناسراونەتەوە.

شەهریاری ڕایگەیاند: تا ئێستا تەرمی ٣٠ کەس لە قوربانیان ڕادەستی خانەوادەکانیان کراوەتەوە و دۆسیە بۆ ژمارەیەکی دیکەش کراوەتەوە تا ڕادەستی خانەوادەکانیان بکرێنەوە.

ڕاشیگەیاند: کاری ناسینەوەی باقی گیانبەختکردووەکان بەردەوامە و لەوانەیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کارەکانی کۆتایی پێبێت.

جێگەی ئاماژەیە بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی گەشتیاری هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا، لە نزیک تارانی پایتەخت لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە، لە ئەنجامدا ١٧٦ کەس لە سەرنشینەکانی کە زۆربەیان هەڵگری ناسنامەی ئێرانی بوون گیانیان لەدەستدا.

س.ح