تەقینەوەیەک لە بەلوچستانی ئێران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەیەکی بەهێز شاری چابەهار لە پارێزگای بەلووچستان-ی هەژاند، ٤ کوژراو و ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە.


چەند خولەکێک لەمەوبەر تەقینەوەیەکی بەهێز لەبەردەم فەرماندەیی هێزی پۆلیسی ناو شاری چابەهار لە پارێزگای بەلووچستان-ی ئێران ڕوویدا، دوای تەقینەوەکەش دەنگی تەقە بیسترا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی ئێران ئەو تەقینەوە خۆکوژیی بووە و بە گوێرەی لێدوانی قائیمقامی چابەهار-یش  تا ئێستا فەرماندەیەکی سەربازیی و سێ سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی زۆر بریندار-یش هەن، کە جگە لە سەرباز هاوڵاتیی مەدەنیشیان تێدایە.

ماڵپەڕە ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن تەقینەوەکە بەڕادەیەک بەهێز بووە کە لە تەواوی شارەکە هەستی پێکراوە، و دوای تەقینەوەکە پێکدادان ڕوویداوە و دەنگی تەقە بیستراوە.

لەبەر بەهێزی تەقینەوەکە و بەردەوامی دەنگی تەقەکان ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆرە.

ش.ف