تەقینەوەیەک لە کابول ١٠٠ برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلیکی بومبڕێژکراو لە کابولی پایتەخت ١٠٠ برینداری لێکەوتەوە و گروپی تاڵیبان بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ گرت.


بەیانی ئەمڕۆ لە کابولی پایتەختی وڵاتی ئەفغانستان و لە خاڵێکی پشکنینی پۆلیس-دا، ئۆتۆمبێلیکی بۆمڕێژکراو تەقییەوە، گروپی تالیبان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ.

وەحیدوڵا مایار وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان ڕایگەیاند: نزیکەی ١٠٠ برینداری ئەو تەقینەوەیە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی شاری کابول کە ژمارەیەکیان پۆلیسن، زۆربەشیان خەڵکی مەدەنین و ژن و منداڵیشیان تێدایە.

نوسرەت ڕەحیمی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانیش ڕایگەیاند کە، ئەو تەقینەوەیە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلیکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە و لە ڕێگەی هاتنەناوەوەی ناوچەی شەشەمی کابول تەقێندراوەتەوە.

ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدا لەلایەن تالیبانەوە ئەنجامدراوە کە دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و گروپی تاڵیبان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مایندە بەردەوامە، هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان دەستیپێکردووە و تاڵیبان هەڕەشەی کردووە کە ناهێڵێت ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت.

 

ش.ف