تەمەللی: جۆش و خرۆشی کۆنگرەی هەدەپە گەیشتووەتە ئیمرالی

سەزای تەمەللی، دواین وتاری وەک هاوسەرۆکی هەدەپە پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: جۆش و خرۆشی ناو هۆڵی کۆنگرە نیشانەی سەرکەوتنە و بە دڵنیاییەوە دەنگمان گەیشتووەتە ئیمرالی.


ئەمڕۆ لە میانی کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە ئەنقەرە، سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە وتارێکی پێشکەش کرد و ماڵئاوایی کرد لە ئەرکەکەی وەک هاوسەرۆکایەتیی هەدەپە.

تەمەللی لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر جۆش و خرۆشی ناو هۆڵی کۆنگرە و وتی:"ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کە کۆنگرەکە گەیشتووەتە ئامانجی خۆی، بڕوا بکەن جۆش و خڕۆشی ئێوە و دەنگتان گەیشتووەتە ئیـمرالی لای ئۆجالان".

"تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان ئەرکی مێژوویی ئێمەیە"

تەمەللی، هەروەها ئاماژەی بە گۆشەگیریی سەر عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و وتی: لەم دوو ساڵەی دواییدا گۆشەگیریی ڕەها لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەیە، ئێمە لەدژی گۆشەگیریی جەستەی خۆمان دایە بەر مانگرتن لە خواردن، لە هەموو جێگایەک باسمان لە ئاشتی و ڕامانی دیموکراتیکی ئۆجالان کرد، ئێمە باسمان کرد و ڕامانی ئاشتی و دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئۆجالان دەنگی دایەوە، لە سەردەمی نوێدا شکاندنی گۆشەگیریی ئیمرالی و تێکۆشان بۆ ستاتۆی ئازاد ئەرکی مێژووییمانە".

تەمەللی، لە بەردەوامیی قسەکانییدا ڕایگەیاند، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەوان هەوڵیانداوە ببن بە شایەنی ڕێبازی بەرخۆدانی سەدان ساڵە و وتیشی:"هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە بەهۆی بوێریی هەدەپە چۆکی داداوە و بەردەوامە، ئێستا کاتی ئەوەیە بوێری بۆ گۆڕانکاریی ژیانی بگۆڕێت، هیواکان گەش بکرێن، کاتی ئەوە هاتووە سنوورەکانی کە نەتەوە – دەوڵەت دایڕشتووە لە قەدەری خۆمان دەریان بکەین. کاتی ئەوەیە چارەسەری کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک بە شێوەی بژاردەیەک پێشکەش بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی جیهان بکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە ئێمە زیاتر ڕێکخستنی خۆمان بەهێز بکەین، ئێستا کاتی ئازادییە".

"با هەموو کەسێک بەشداریی لە هاوپەیمانی دیموکراسییدا بکەن"

سەزای تەمەللی، لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، کە بە ڕێکخستن لەسەر هێڵی سیێەم، دەتوانرێت گەلان لە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە ڕزگار بکرێت و بەرپرسیاری مێژوویی خۆمان بەجێبهێنین، بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی دیموکرات پێشکەش بە گەلانی تورکیا لەم سەردەمە نوێیەدا بکەین، پێویستە بەردەوامی بە تێکۆشان بدەین. داواشیکرد، کە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی دیموکراسی و ئاشتی پێشکەش بە گەلان بکرێت، هەموو کەسێک بەشداریی لە هاوپەیمانی دیموکراسییدا بکەن.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند:"بۆ دروستکردنی کۆمارێکی دیموکراتیک، پێویستە تێکۆشانی دیموکراسی ڕادیکاڵ گەش بکرێت. پێویستە ئێمە بە بەردەوامی دیموکراسی خۆجێیی و سیستمی پەرلەمانتاری جێگیرکراو بپارێزین".

ش.ف