تەڤگەری ئازادیی تاکە حزبی باشورە نیوە زیاتری سەرکردەکانی ژنن

ئەگەرچی بەبەراورد بە حزبەکانی دیکە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان نوێیە، بەڵام ژنانی ناو ئەو تەڤگەرە توانیویانە بەشێوەیەکی چالاک ڕۆڵ بگێڕن و لەناو بەڕێوەبەرایەتییدا زیاتر لەنیوەیان ژنن.


لەم ڕاپۆرتەدا ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ناوەندی بڕیاری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستاندا دەخەینەڕوو، کە نمونەن بۆ هەموو لایەنەکانی باشور.

لە کۆی ٥٢ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نۆ ژن هەیە، کە دەکاتە ڕێژەی١٧%، لەنێو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا لە لەکۆی  ٣٥ ئەندامی سەرکردایەتیی نۆ ژنیان تێدایە، کە پێنجیان بەدەنگی خۆیان ڕۆشتوون و چواریان بەکۆتا، بۆ ئەوەی ڕێژەی ٢٥% تەواوکەن، کە لەپەیڕەوی یەکگرتووی ئیسلامیدا هەیە.

 لەنێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیدا لەکۆی ٣٧کەس، چوار ژنی تێدایە، کە دەکاتە ڕێژەی ١٠%، لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان-دا لەکۆی ٦٥ئەندامی جڤاتی گشتیی، نۆ ژن هەن، کە دەکاتە ١٣%، هەروەها لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لەکۆی ٦٠ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە شەش ئەندامی ژنی تێدایە، کە دەکاتە ١٠%.

جیاواز لە لایەنەکانی دیکەی، لەناو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان-دا دەرفەتی زیاتر بۆ ژن هەیە و ژنان بەشێوەی یەکسان و زیاتر لە یەکسانیش خاوەن پێگەن و بەشدارن لە بڕیارداندا.

سیستمی بەڕێوەبردنی تەڤگەری ئازادیی هاوسەرۆکایەتییە، واتا ژنێک و پیاوێک سەرۆکایەتیی تەڤگەرەکە دەکەن، ئەمەش یەکێک لە جیاوازییە هەرە بەرچاوەکانە، کە نەک لە هەرێمی کوردستان، لە تەواوی عێراق-دا جگە لە تەڤگەری ئازادیی و بەرەی دیموکراسیی گەل، هیچ لایەنێکی دیکە کار بەو سیستمە ناکات.

بێجگە لە هاوسەرۆک، دەستەی هاوسەرۆکایەتیی هەیە، کە لە شەش کەس پێکدێن، سێ ژن و سێ پیاو، کە هەردوو هاوسەرۆکیش لەناویدا جێگا دەگرن.

هەروەها، دەستەی بەڕێوەبەریی هەیە، کە لە ١٥ کەس پێکدێن، هەشت ژن و حەوت پیاو، لێرەشدا دەردەکەوێت ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پیاوان زیاترە، کە دەکاتە ٥٣٪.

هەموو ئەو ڕێژانە ئەوە دەردەخەن، جگە لە تەڤگەری ئازادیی، کە بە بەراورد بە لایەنەکانی دیکە نوێیە و لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، لەناو هیچ کام لە پارتە عەلمانی و ئیسلامییەکاندا، کە ساڵانێکی زۆر دامەزراون، ڕێژەی ژنان ٢٥٪ی تێنەپەڕاندووە و هیچ پارتێکیش لەلایەن ژنەوە سەرۆکایەتیی ناکرێت، کەمترین ڕێژەش لەناو سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان-دایە کە ڕێژەی ١٠% یە.

بۆچوونی بەشێک لە ژنانی ناو حزبە سیاسییەکان:

"لە پلە و پۆستدا هەمیشە لەدوای پیاوەوەین"

نەسرین عەبدوڵا کوردە، کارگێڕی مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی سلێمانی، ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا خەبات دەکات، نیگەرانە لەو جیاوازییەی کە لەنێوان ژن و پیاودا دەکرێت، بە حزبەکەی خۆشییەوە"ئێمە لە حزبدا ڕۆڵیان پێداوین، بەڵام وەک پیاوان نا، لە پلە و پۆستدا هەمیشە لەدوای پیاوەوەین".

 نەسرین، لای ڕوون نییە، کە ڕێگەپێنەدان بە ژن کلتورە یان بارودۆخی وڵاتە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ٢٥٪ی بۆ ژنان داناوە، بەڵام بەشداریی ژنان لەو ڕێژەیە کەمترە و "ئێمەش دەمانەوێت ٣٠% بێت و ژن نەبێت بە پاشکۆ".

"یەکڕیز بن"

نەسرین عەبدوڵا، داوا لە ژنان دەکات، یەکڕیز بن و پشتی یەکتر بگرن، "بۆئەوەی ئیدی پیاوان پێمان نەڵێن ژنان بە دەنگی ئێمە دەردەچن".

"لەناو یەکگرتوودا ژنان دیکۆر نین"

ناسک تۆفیق، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، باس لە ڕۆڵی ژن دەکات لەناو حزبەکەی خۆیدا و دەڵێت، کە ئەو ژنانەی بەرپرسیارێتییان وەرگرتووە، ڕۆڵی ڕاستەقینەوەی خۆیان دەبینن، نەک وەک ئەوەی باس دەکرێت تەنیا "دیکۆر" بن.

"ژن وەک پیاو ڕۆڵی پێنەدراوە"

لەگەڵ ئەوەشدا ناسک، ڕاشکاوانە دەڵێت، کە ژنان یەکسان لەگەڵ پیاوان ڕۆڵیان پێنەدراوە، ڕێژەی بەشداریی ژنییش لە سەرکردایەتیی ئەو حزبەدا ئەوە بە باشیی ڕوون دەکاتەوە، پێشیوایە، کە ئەگەر ژنان لەناو پەرلەمان یەکگرتووبن، ئەوا دەتوانن دەستکەوتی باش بەدەست بێنن.

"جەوهەری بەشدارییکردنی ژن گرنگە"

تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، تەنیا ڕێژە لەبەرچاو ناگرێت، بەڵکو وەک ئەو باسی دەکات"قسە لەسەر ڕێژە نییە بەڵکو جەوهەری بەشدارییکردنەکە و پێگەی ژن گرنگە".

"بڕیاردان بەبێ ژن هێڵی سوورە"

تارا، باسی ڕۆڵی ژن لەناو تەڤگەری ئازادیی دەکات و دەڵێت:"لەم تەڤگەرەدا هێڵی سوور هەیە لەوەی، کە هیچ بڕیارێک بەبێ بەشداریی ژن نادرێت".

وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە، کە کلتور ڕێگر بێت لە بەشداریی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردان و وتی:"کلتوری ئەسڵی کوردەواریی شتێکی بەو ڕەنگەی تێدانییە، کە رێگربێت لەبەردەم ژنان لە ناو پارتە سیاسییەکاندا، ئەمە عەقڵیەتێکی ڕەگەزگەرای پیاوسالارە".

"تێکۆشانی ژن پێویستە"

بۆ لەناوبردنی ئەو عەقڵیەتەش، تارا حسێن، تێکۆشانی ژنان بە پێویست دەزانێت، "ئەگەر ژن بە فکر و عەقڵی خۆی بڕیار بدات، ئەوا لەسەر دەستی ئەو کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات دێتە ئاراوە".

ش.ف