تەڤگەری ئازادیی دۆسییەی قەدەغەکردنی بردە بەغدا

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دۆسییەی قەدەغەکردنی بردە بەغدا و لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان سکاڵای تۆمارکرد.


ئەمڕۆ شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە پێکهاتوون لە: حسێن کەرکوکی و نەریمان ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی و یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری تەڤگەری ئازادیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان لە شاری بەغدا سکاڵایان دژ بە قەدەغەکردنیان تۆمار کرد.

لە ساکاڵاکەدا، ئاماژە بەوە کرابوو، کە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە بڕیاری ژمارە ١٣٩-ی حزبەکان لە ٤/١٢/٢٠١٧ مۆڵەتی فەرمیی لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە، بەڵام بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەرێم قەدەغە کراون و بارەکانیان داخراوە، هەروەها ڕێگایان پێنادرێت هیچ چالاکییەک ئەنجام بدەن.

لە بەرامبەردا عەبدوڵا فاز حسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری حزبەکان، ڕایگەیاند، کە تەڤگەری ئازادیی مۆڵەتی فەرمیی هەیە و نابێت لە هیچ شوێنێکی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێگریی لە چالاکییەکانیان بکرێت و مافی کردنەوەی بارەگایان لە هەموو عێراق هەیە.

عەبدوڵا فازڵ، بەڵێنیشیدا، کە کار لەسەر دۆسییەکە بکەن و چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٤ دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگاش بە ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکیان نادرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی داخران.

ش.ف