تەڤگەری ئازادیی سکاڵای بردە لای ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق کۆبووەوە و سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر نایاساییە و فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ کردنەوەی بارەگاکان.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە شاری بەغدا لەگەڵ معن هیتاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق کۆبووەوە و وتووێژیان لەبارەی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر کرد.

نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنیوزی وت:"لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم کرد، کە دەرحەق بە پارتە سیاسییەکان، بە تایبەت لە سەر تەڤگەری ئازادی، دەرکراوە".

بە وتەی ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەر، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران، لە وەڵامی سەردانەکەی شاندەکە جەختیکردوەتەوە، ئەوان ئیدانەی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر دەکەن و بە کارێکی نایاسایی ناویان بردووە، هەروەها باسی لەوەش کردووە بوونی مۆڵەت لە بەغدا بە واتای کارکردن دێت لە تەواوی عێراقدا.

هاوکات مەعن هیتاوی باسی لەوەش کردووە، تەڤگەری ئازادیی هێزێکی مۆڵەت پێدراوە و ئەوان فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم تا بارەگاکان بکرێنەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن. 
تەڤگەری ئازادیی جەخت دەکاتەوە سەردانی هەموو لایەنە سیاسیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا دەکەن بۆ گەیاندنی سکاڵای خۆیان لەبارەی داخستنی بارەگاکانیانەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ، شاندەکەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە: حسێن کەرکوکی و نەریمان ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی و یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری تەڤگەری ئازادیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان لە شاری بەغدا سکاڵایان دژ بە قەدەغەکردنیان تۆمارکرد.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٤ دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگاش بە ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکیان نادرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی داخران.

ش.ف