تەڤگەری ئازادیی ڕەخنەی توند لە سەرۆکی حکومەت دەگرێت

تەڤگەری ئازادی ڕایدەگەیەنێت، وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بری ھیوا بێ ھیوایی بڵاو کردەوە، داواشدەکات دەنگی خەڵک و لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان یەکبخرێت بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر حکومەت.


شەوی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بۆ دۆخی خراپی حکومەتی هەرێم و قەرزاربوونی بە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار کرد و کێشە کەڵەکە بووەکانی هەرێمی لەسەر شانی کابینەکەی خۆی لابرد و کردییە سەر شانی کابینەکانی پێشوو ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایی خەڵک و بەشێک لە لایەنەکانی لێکەوتەوە، لەو چوارچیوەیەدا دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە و ھاووڵاتیان چاوەڕێ بوین سەرۆکی حکومەت مژدەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەو ئاڵۆزییانە بداتە خەڵکی و باس لە شێوازی چارەسەری دۆخەکە بکات، پێمان وابوو پەیامی ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی کە تەنھا بە ھۆکاری ڕای جیاواز لە زیندانن دەکات بە جەژنانە بۆ کەسوکارەکانیان، بەڵام بەداخەوە وتاری بەڕێزیان نەک دڵخۆشکەر نەبوو بەڵکو زیاتر بێ ھیوایی دروست کرد، جگە لەوەش حکومەتی بێ بەری کرد لە هۆکاری دروست بوونی ئەو کێشانە و هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانی هەرێمی گێڕایەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بغداد، ئەمە لەکاتێکدایە پێش دروستبوونی ئەو کێشانەی کە باسیان لێوەکرد دۆخی خەڵکی لە ئێستا باشتر نەبوو".

تەڤگەری ئازادی ڕاشیگەیاندووە "وەک تەڤگەری ئازادی داوا لە لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەین لەگوشارکردنە سەر حکومەت بەردەوام بن و لایەنی بەشداری ناو حکومەتیش بەو بێهەڵوێستیەی حکومەت ڕازی نەبن لەوەش دڵنیاین خەڵکی بەم وتارەی سەرۆکی حکومەت دڵخۆش نەبوون و ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر دەبن".

ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:

سەرۆکی حکومەت لە بری ھیوا بێ ھیوایی بڵاو کردەوە

بەداخەوەین کە بارو گوزەرانی خەڵکی لە دۆخێکی خراپدایە لە ئێستادا جگە لە موچەخۆران کاسبکار، جوتیار، بازرگان و سەرجەم چین و توێژەکان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری بوونەتەوە، ئەمە سەرەڕای دڵەڕاوکێی خەڵکی لەو مەترسیانەی کە کەرکوک و گەرمیان و ناوچە جێناکۆکەکانی گرتۆتەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

ئێمە و ھاووڵاتیان چاوەڕێ بوین سەرۆکی حکومەت مژدەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەو ئاڵۆزیانە بداتە خەڵکی و باس لە شێوازی چارەسەری دۆخەکە بکات، پێمان وابوو پەیامی ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی کە تەنھا بە ھۆکاری ڕای جیاواز لە زیندانن دەکات بە جەژنانە بۆ کەسوکارەکانیان، بەڵام بەداخەوە وتاری بەڕێزیان نەک دڵخۆشکەر نەبوو بەڵکو زیاتر بێ ھیوایی دروست کرد، جگە لەوەش حکومەتی بێ بەری کرد لە هۆکاری دروست بوونی ئەو کێشانە، بە تایبەت هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانی هەرێمی گێڕایەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بغداد، ئەمە لەکاتێکدایە پێش دروستبوونی ئەو کێشانەی کە باسیان لێوەکرد دۆخی خەڵکی لە ئێستا باشتر نەبوو، ھاوکات پەیامی ئەوەی دا کە نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو لە داھاتودا ئەگەری نەمانی موچەکانتان زیاترە، ئەمەش نیشانی دەدات کە سەرۆکی حکومەت نەیتوانیوە لە ململانێ سیاسی و بگرە حیزبیەکانیش خۆی دەرباز بکات و ھەوڵی چارەسەری بدات نەک دیسانەوە بە قەیرانێک قەیرانی دیکە دابپۆشێت، بۆیە وەک تەڤگەری ئازادی داوا لە لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەین لەگوشارکردنە سەر حکومەت بەردەوام بن و لایەنی بەشداری ناو حکومەتیش بەو بێهەڵوێستیەی حکومەت ڕازی نەبن لەوەش دڵنیاین خەڵکی بەم وتارەی سەرۆکی حکومەت دڵخۆش نەبوون و ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر دەبن، گرنگە دەنگی ناڕەزایەتی گەل و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەک بخرێن، بە پێچەوانەوە دۆخی زۆر ناھەموار چاوەڕوانمان دەکات وەک لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا دیار بوو.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

٢٣-٥-٢٠٢٠

ک.س