جەعفەری: ڕێگا نادەین دەوڵەتی تورک لە خاکی عێراقدا بمێنێت

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق هەڵوێستی پیشاندا بەرامبەر بە هەبوونی هێزە تورکییەکان لە خاکی عێراقدا و ڕایگەیاند: ڕێگا بەوە نادەین.


لە بارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوی خاکی عێراقدا، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنیی ڕاشاتودەی قسەیکرد.

جەعفەری وتی: هەوڵمان ئەوەیە ناکۆکییەکانی ناوچەکە چارەسەربکەین و عێراق لە شەڕی مەترسیدار دوور ڕاگرین، بۆ ئەوەش دەبێت سوپای تورک لە خاکی عێراق بچێتە دەرەوە.

لەبارەی دانوستانەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا، وتی: دەمانەوێت وەک وڵاتێکی دراوسێ پەیوەندیمان هەبێت بە دەوڵەتی تورکەوە، بەڵام قبوڵی ناکەین دەوڵەتی تورک دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆی عێراق بکات، هەروەها ئێمە ڕێگانادەین سوپای تورک لە خاکی عێراقدا بمێنێت.

هەروەها بەبێ ئەوەی ناوی ئێران بهێنێت، جەعفەری وتی: نە ڕاستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ بەشداری ناکەین لەو گەمارۆ ئابورییانەدا، چونکە خەڵکی عێراق خۆیان ئەو ئێشانەیان ئەزموون کردووە، ئێمە باش دەزانین گەمارۆی ئابوری چییە، زیانی گەمارۆی ئابوری ناگات بە هیچ بەرپرسێک، بەڵکو هەموو زیانەکان بەر خەڵکی ستەملێکراو، منداڵ و پیر دەکەوێت.