جەمیل بایک: باکوری سوریا بە شەڕ سەرکەوتنى بەدەستهێنا

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە، سەرنجى خستەسەر بارودۆخی باکوری سوریا و ڕایگەیاند: پێش هەموو شتێک باکوری سوریا بە شەڕ سەرکەوتنى بەدەستهێنا، خاوەنی هێز و ئیرادەى خۆیەتى، لە کوردستان و هەرێمەکە و دونیادا قورسایى و پاڵپشتى خۆی هەیە.


جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ گۆڤاری (Lower Class – چینى خوارەوە)، کە بە زمانى ئەڵمانى بڵاودەکرێتەوە ئەنجامدا. بەشی یەکەمی ئەو چاوپێکەوتنە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە. 

بایک لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا بە زۆری سیاسەتى نکۆڵیکردن و سڕینەوەى دەوڵەتى تورک، سیاسەتەکانى ئەمریکا، رووسیا و ئێران لە سوریا و نزیکایەتیى چارەسەریى هێزەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریای شیکار کردووە.

"تورکیا بوونی فەرمیى کوردان بە لەناوچوونی عەقڵییەتى نکۆڵیکارى خۆی دەزانێت"

بایک لەسەر زۆربوونى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی رۆژئاواى کوردستان / باکووری رۆژهەڵاتى سوریا ئاماژەى بە چەند خاڵی گرنگ کرد و وتی "کورد لە باشووری کوردستان خاوەنى ستاتو و پێگەیەکە. باکووری کوردستان تاوەکو مردن بەرخودان و خۆڕاگری دەکات. ٤٠ ساڵە بەرخودان دەکات، ئەو هەموو باجەى داوە، بەڵام هەرگیز لە بەرخودان هەڵنەگەڕاوەتەوە. دەوڵەتى تورک چەند کۆمەڵکوژیى ئەنجام دابێت و چەند سەرکوتکاریشى ئەنجام دابێت، بەڵام نەیتوانى کورد لە باکووری کوردستان بێدەنگ بکات. دواى ئەوەى دۆخی رۆژئاواى کوردستانیش بەرەوپێشچوو، سیاسەت و عەقڵییەتى قڕکەر و سڕینەوەى دژ بە کوردی کۆماری تورکیا تەنگاو و لاواز و تەنانەت هەڵوەشایەوە. دەبینێت کە کوردێتى لە رۆژئاواش دەبێتە خاوەنی ستاتو و پێگە و ئیتر ناتوانێت سیاسەتى نکۆڵی و سڕینەوەى کورد درێژە پێبدات. لەبەر ئەوەش باجەکەى چی بێت با ببێت، بەڵام بۆ ئەوەى بوونی کورد لە رۆژئاوا بە فەرمی نەبێت، بۆ ئەوەى رۆژئاواى کوردستان نەبێتە خاوەنى پێگە، هیرش دەکات. لە راستیدا ئەو عەقڵییەت و سیاسەتە نەک تەنها لە رۆژئاوا، بەڵکو هاوکات لە دژی باشووریش بەڕێوەى دەبات. تەیب ئەردۆغان زۆر جار وتویەتى 'ئێمە هەڵەمان کرد، ئەگەر ئێمە دەرفەت و هەلمان دەستبکەوێت پێگەى کورد لە باشوور لە ناو دەبەین'. هۆکاری بنەڕەتیى هێرشەکانى ئێستا لە دژی رۆژئاوا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

"دەوڵەتى تورک بەهۆی پشتیوانیى ئەمریکا و ئەوروپاوە هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکات"

بایک سەرنجی خستەسەر رۆڵ و پشکی هێزەکانى دەرەوە و وتى "ئەو پشتیوانییەى ئەمریکا لە عەقڵییەت و سیاسەتى کۆماری تورکیاى دەکات، ئومێد و شێرەبوون بە کۆماری تورکیا دەبەخشێت. هەر کات گورز بەر ئەو سیاسەت و عەقڵییەتى سڕینەوە – داگیرکەرییە فاشیستییە کەوتبێت، هەر کات لاواز و تەنگاو بووبێت و بەرەو هەڵوەشاندنەوە چووبێت، ئەو کاتانە ئەمریکا پشتیوانیى دەکات لەسەر پێ دەیهێڵێتەوە. سەرلەنوێ هەناسەى بە بەردا دەکاتەوە، زیندوی دەکاتەوە و رێگا نادات لەبەر یەک هەڵوەشێت. ئەوە عەقڵییەتى فاشیستیى قڕکەر و پاکتاوکار لە تورکیا لەسەر پێ رادەگرێت. مناوەرە و مانۆڕەکانى ئەمدواییەى ئەمریکا جارێکیتر ئەو راستییەى ئاشکرا کرد. ئەوە هەڵەیە. هەڵوێستى لەو جۆرەش، ئەگەر کەمیش بێت لەلایەن ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیاوە بۆ تورکیا دەخرێتەڕوو. لە رووی ئابوورییەوە ئەڵمانیا هەناسەى بە بەردا کردەوە. بەڕێوەبەریى مێرکل بە عەقڵییەتى ئەوەى 'ئەگەر تورکیا هەڵوەشێت، ئێمەش هەڵدەوەشین' بە سیاسەتێک کە پشتیوانیکردنە لە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، دەستی بە جموجوڵ کرد. ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا هەڵناوەشێت، بەڵام پێویستە کەس لە هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم نەترسێت. ئەوەى هەڵدەوەشێت فاشیزمە، بەڵام تورکیا لەسەر پێ دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە کەس لەگەڵ فاشیزمدا نەبێتە یەک. بۆیە دەمەوێت بڵێم، هەڵوێستى ئەمریکا کە بە ئاشکرا پشتیوانى لە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە دەکات و هەڵوێستى ئەوروپا کە جاروبار پشتیوانیى لێدەکات و جارورباریش بە هەڵوێستی دوولایەنە و دووفاقی دەجوڵێتەوە، دەبنە بناغەیەک بۆ هێرشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی کوردان و بەو هێز و پشتیوانییەى لێدەکرێت هێرش ئەنجام دەدات".

بایک باسی ئەوەیکرد، لەبەر ئەوانەش دەوڵەتى تورک هەڕەشە لە رۆژئاوا دەکات و وتیشی "خۆی لە خۆیدا تورکیا ئەو هێزەى نییە، نابێت کەس خۆی فریوبدات، ئەو هەڵوێست و پشتیوانییانە دەبنە هۆی ئەوە کە کۆماری تورکیا هێرشەکانى ئەنجام بدات".  

"ڕوسیا و ئێران بە دواى هەل و دەرفەتەوەن؛ تورکیا بە پشتیوانیى ئەوان هێرش دەکاتە سەر کوردان"

بایک ئاماژەى بە پشتیوانیى رووسیا و ئێران بۆ دەوڵەتى تورک کرد و ئەوەشی وت "خۆی لە خۆیدا گرینگ نییە، کە مرۆڤ زۆر باسی ئەوان بکات، چونکە ئەوان بە دواى هەل و دەرفەتەوەن. لە دۆخێکى لەو شێوەیەدا و لە چوارچێوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و بۆ ئەوەى بتوانن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کاریگەرییان هەبێت، هەموو هەل و دەرفەتێک بەکار دەهێنن. بە تایبەت ئێران لە دژایەتیکردنى کورداندا هەموو کات دەتوانێت لەگەڵ تورکیا رێبکەوێت. رووسیاش زۆر پراگماتیست دەجوڵێتەوە و پشتبەستووە بە سیاسەتى رۆژانەوە. لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هێزێکى ئەوەندە بەهێزی نییە و لاوازە. هەموو کەس دەڵێت، رووسیا لە ئاستێکى بەهێزدایە، بەڵام وا نییە و لاوازە. لەبەر ئەوەش سیاسەتى رۆژانەى پشتبەستووە بە بەرژەوەندییەکانییەوە و بەوشێوەیە بەڕێوەی دەبات. لەبەر ئەوەش کۆماری تورکیا سازشی لەگەڵ دەکات و باجی پێدەدات و رووسیاش بە بەردەوامى بە دواى باج وەرگرتنەوەیە. کۆماری تورکیا بەو پشتیوانییانەى ئەوان ئەو هەموو هێرشانە دەکاتە سەر کوردان".

"بە بێ پشتیوانیى ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا؛ ئاکەپە – مەهەپە ناتوانێت یەک ڕۆژ شەڕ بکات"

جەمیل بایک ئەوەشی وت "ئەگەر پشتیوانیى ئەمریکا، ئەوروپا و رووسیا نەبێت، ئاکەپە – مەهەپە ناتوانن یەک رۆژ ئەو شەڕە درێژە پێبدەن. بە پشتیوانیى کۆمەڵگەى تورکیاش ناتوانێت ئەو شەڕە بەڕێوەببات. پشتیوانیى دەرەوە لەو بوارەدا زۆر گرینگە. دیکتاتۆریى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە بە زۆری بە پشتیوانیى دەرەوە خۆی لەسەر پێ راگرتووە. با هەموو کەس ئەوەى لێ روون بێت، لە رووی ئابوورییەوە ئەڵمانیا زۆرترین پشتیوانیى لێدەکات. لە رووی سەربازی و سیاسییەوەى ئەمریکا پشتیوانیى لێدەکات، فەرەنسا و بەریتانیاش هەر کات لاوازبوون بە وەرگرتنى هەندێک باج و بەرژەوەندیى پشتیوانیان لێکردووە. رووسیاش بە سیاسەتى لەو شێوەیە دەجوڵێتەوە و کار دەکات".

"ڕوسیا ستراتیژیى ڕوسیاى تیزاری (قەیسەری) بەڕێوەدەبات"

بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەرێوەبەریى کەجەکە لەبارەى ستراتیژیاى درێژخایەنى رووسیا و ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وتی "لە لایەنى رووسیاوە هەڵوێستێکى ئەوەندە ستراتیژیک دیار نییە. لە رووی مێژوویشەوە ئەوە دیارە کە؛ ستراتیژیاى رووسیای تیزاری ئەوە بوو، کە خۆی بە دەریا ئازادەکان و ئاوە گەرمەکان بگەیەنێت. سیاسەتەکەى ئەوە بوو، کە خۆی بگەیەنێت بە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و لەو شوێنانەوە خۆی بە دەریا گەرمەکان بگەیەنێت. ئەوە ستراتیژیاى رووسیایە. لە رووی ئاسایشیشەوە بۆ ئەوەى خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت، سیاسەت و عەقڵییەتى پاراستن لە دەرەوەى سنوورەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. ستراتیژیایەکى لەو شێوەیەش لە سەردەمى سۆڤیەتدا بە شێوەى جۆراجۆر بەرێوەبرا. تیۆریى پێشخستن و بڵاوەپێکردنى سۆسیالیزم لە جیهاندا بۆ ئەو ستراتیژیایەى رووسیا بوو. ئەوەیان وەک تیۆریى بەرفراوانکردن و بڵاوکردنەوەى سۆسیالیزم پێناسە دەکرد و بە زۆری پشتبەستوو بوو بە ستراتیژیایەى رووسیا. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، دەسەڵاتى ئێستای رووسیاش هەوڵ دەدات هەمان ستراتیژیا بەڕێوەببات. هەڵوێست و پێگەى خۆی بەپێى ئەو ستراتیژیایە رێکخستووە. بۆیە ناکرێت بڵێین، تێکۆشانێکى بەرچاو و ستراتیژی و بە پلان بەڕێوەدەبات، بەڵکو بەشێوەى پارچە پارچە دەجوڵێتەوە".

بایک وتیشی "بوونی رووسیا لە رۆژهەڵاتى دەریاى سپیى ناوەڕاست بەهۆی پەیوەندییەتى لەگەڵ سوریا. لە راستیدا لە سەدەى ٢٠ دا لە عێراقەوە تاوەکو میسر و باکووری ئەفریقا، بە هەڵوەشاندنەوەى یەکێتیى سۆڤیەت، رووسیا هێزی خۆی لە زۆرێک لەو هەرێم و ناوچانەدا لە دەستدا. تەنها پەیوەندیى لەگەڵ سوریا لە دەستدا مایەوە و هێزی لە رۆژهەڵاتى دەریای سپی بۆ مایەوە. دواى ئەوەى لە سوریا شەڕ دەستیپێکرد، هەوڵیدا سوود لەوە وەربگرێت و بوونی خۆی لە رۆژهەڵاتى دەریاى سپیی ناوەڕاست و سوریا بەهێز بکات. دەیەوێت پشت بەوە ببەستێت و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ببێتە خاوەنى کاریگەری و هێز".

بایک لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەشکرد "بۆ رووسیا سیاسەتى ئەمنى و ئاسایشى زیاتر لە پێشن و ئەوەش بە زۆری لە لەسەر شەڕ لە رۆژهەڵاتى ئەوروپا بەڕێوەدەچێت. لە راستیدا، تێکۆشانى خۆی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا وەک بەشێک لە سیاسەتى ئاسایشی خۆی لە رۆژهەڵاتى ئەوروپا بەکار دەهێنێت. لێرەشدا نزیکایەتییەک کە زۆر خۆی خستەڕوو دروستبوو و ئەویش، پەیوەندى لەگەڵ ئێران بوو. ئەوەش پشتبەستووە بە پەیوەندییەوە، کە هەوڵ دەدات لە رۆژهەڵاتى ئەوروپا لە دژی ئەمریکا ببێتە هێز. سیاسەتى نوێى ئەمساڵانەى دوایشی پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا. بەو شێوەیە دەیەوێت تورکیاى ئەندامى ناتۆ و ئەو وڵاتەى کە بە رادەیەکى زۆر لە دژی یەکێتیى سۆڤیەت بەکارهێنراوە، بکاتە خاڵی لاواز و تەنگاوکردنى ناتۆ. دەیەوێت کارێک بکات، کە لە دژی ناتۆ بوەستێتەوە و ناکۆکی بخاتە نێوانیان و لە رێگەى تورکیاوە ئەوروپا و ئەمریکا لاواز بکات".

بایک بۆ ئەو بابەتە نمونەیەکى بەرچاوى خستەڕوو و رایگەیاند "لە عەفرین ئەوە بینرا و عەفرینی بە تەواوی رادەستى کۆماری تورکیا کرد. بۆ ئەوەى تورکیا هەندێکیتر بەرەولای خۆی رابکێشت و گوایە کوردانیش سزا بدات. لەو دۆخەى ئێستادا نزیکایەتیى بەو شێوەیەیە. ئێمە نازانین بە تێپەڕبوونی کات بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات".

"ئێران خۆی بە هێزێکى جیهانیى دەزانێت"

جەمیل بایک لە شیکارییەکەیدا لەبارەى ئێرانەوە وتى "ئێران کۆنترین دەوڵەتى مێژووە. ئەگەر سیستمى دەوڵەتەکان بەشێوەى 'رۆژهەڵات و رۆژئاوا' دابەش بکرێن، ئێران لایەنێکى مێژوویى دەوڵەتەکانە. ئێران نوێنەری رۆژهەڵاتە. رەنگە رووسیا و هەندێک دەوڵەتى تر لە ئاسیا باشتر هاتبنە پێشەوە، بەڵام ئێران لە رووی مێژوییەوە خۆی بە پارێزەرەی رۆژهەڵات لە دژی رۆژئاوا دەزانێت. وەک پارێزەرەى دەوڵەتەکانى رۆژهەڵات. ناکۆکیى نێوان رۆژهەڵات – رۆژئاوا لە کوردستان، لە زاگرۆس لە یەک دادەبڕێت. تورکیا، یونان ئەوروپان و نوێنەرایەتیى رۆژئاوا دەکەن، ئێرانیش تاوەکو چین هەرێمى رۆژهەڵاتە. ناکۆکیى نێوان تورکیا و ئێران و ناکۆکیى نێوان رۆژهەڵات – رۆژئاوا دەخاتەڕوو. ئێمە بۆ ئەوە دەڵێین؟ چونکە ئێران خۆی بە هێزێکى ناوچەیى نازانێت و خۆی بە هێزێکى جیهانى دەزانێت. خۆی بە ئیمپراتۆرییەکى جیهانی دەزانێت و بە بەردەوامى خاوەنی سیاسەت و نزیکایەتییەکی جیهانییە. ئەگەر دەرفەتى دەستبکەوێت روو لە دروستکردنى ئیمپراتۆرییەکى جیهانى دەکات".

"سیاسەتى ئێستای دەرەوەی ئێران لەسەر بنەماى ئەمنیى و ئاسایشییە"

بایک ئاماژەى بە سیاسەتى ئێستاى دەرەوەى ئێران کرد و ئەوەشی وت "سیاسەتى دەرەوەى ئێران لەسەر بنەماى ئەمنى و ئاسایشى بەرێوەدەچێت. کارەکانى دەرەوەى دەباتە ئاستى ئایدۆلۆژی – سەربازی. لە سەر فەلەستین، لوبنان، لە سوریا تاوەکو عێراق، یەمەن و ئەفریقا سیاسەتى بەوشێوەیە هەیە. ئەوەش بە زۆری سیاسەتێکە بۆ دابینکردنى ئاسایشى ئێران. ئێران هەوڵ دەدات بە شەڕ لە دەرەوەى سنوورەکانى خۆی بوونی دەوڵەتەکەى خۆی بپارێزێت و بەردەوامیى پێ بدات. بە ستراتیژیایەکى ئەمنیى لەو جۆرە دەجوڵێتەوە. پۆزسیۆن و دۆخی ئێستای بەو شێوەیەیە و دیارە درێژەشى پێدەدات. ئەگەریش دەرفەتى بۆ بڕەخسێت بەربڵاوتریشی دەکاتەوە. چونکە ئاسایشی خۆی بەو شێوەیە دابین دەکات و لە هەرێمەکانى دەرەوە بەشێوەیەکى بێ ئەمان دەجوڵێتەوە و زۆر پێبەندی پێوەرەکان نییە.

ئەمریکا خواستى لە ساڵانى ١٩٨٠کاندا دەست لەو بەڕێوەبەرییەى ئێران وەربدات، بەڵام سەرنەکەوت. دواتریش شەڕی ئێران – عێراق نەیتوانى ئەنجامێک بەدەست بهێنێت. بێگومان ناکۆکیى ئەمریکا – ئێران ئێستا بە شێوازی جیاواز دەچێتە بواری کردارییەوە. ئەو شێوازانەى بەکارهێنران و سەرنەکەوتن، ناکرێت بەردەوامییان پێبدرێت. ئێران لەسەر ئەو بنەمایە لەلایەک دەیەوێت کاریگەرییەکى ئایدۆلۆژی دروست بکات و لەلایەکى دیکەوە دەیەوێت لە هەرێمەکانى دەرەوە لە رووی سەربازییەوە شەڕ بکات و ئاسایشى خۆی مسۆگەر بکات و لەلایەکى تریشەوە بە پەیوەندیى ئابووری لەگەڵ یەکێتیى ئەوروپا و بە هاوپەیمانى لەگەڵ هێزە سیاسییەکانى دژ بە ئەمریکا، لە هەوڵدایە خۆی لەسەر پێ رابگرێت".   

"ئێران ئەگەرچی نکوڵی لە ناوی کورد نەکردووە، بەڵام سیاسەتى دوژمنکارانە بەڕێوەدەبات"

بایک ئەوەشی خستەڕوو، لە دۆخ و هەڵوێستێکى ستراتیژیکى لەو جۆرەدا خاڵی گرینگ دۆخی کوردستانە و نزیکایەتیى ئێرانە بەرامبەر بە گەلان و لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتى "ئێران ناوەکان رەتناکاتەوە، دەڵێت کورد، بەلوچ، ئازەری. ناوی گەلان قبوڵ دەکات. هەروەها ناوی کوردستانیشی داناوە و بەکاری دەهێنێت، بەڵام لەوە زیاتر هیچ مافێکى سیاسی و دیموکراتیک قبوڵ ناکات. رێگا نادات کورد وەک گەل ئابووریى خۆی بەرێکخستن بکات، بەڕیوەبەریى سیاسیى خۆی دروست بکات و لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک خۆی بەڕێوەببات. دۆخێکى لەو جۆرە بە لاوازبوونی خۆی دەزانێت و ئەوە بە دوژمنى سەرەکیى خۆی دەزانێت. لەسەر بنەماى ئەو دوژمنایەتییە هێرش دەکات. بەڵام وەک دەوڵەتى کۆماری تورکیا نکۆڵی ناکات، بەڵام بە ئەندازەى دەوڵەتى کۆماری تورکیا نکۆڵی لە بوونی سیاسی دیموکراتیکى کورد دەکات. کورد بۆ خۆی بە مەترسی دەزانێت و کاتێک خۆی بەرێکخستن بکات لە ناوی دەبات و لە دژی ئەوەش سیاسەتى دوژمنکارانە بەرامبەر بە کورد بەڕێوەدەبات. بەرامبەر هەموو شێوەیەک لە رووداوە سیاسییەکان لە کوردستاندا زۆر هەستیارە و لە بوونی کوردان و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەى ئازادی دەترسێت. بۆ تێکۆشان لە دژی کورد، دەتوانێت بە ئاسانى لەگەڵ هەموو هێزە داگیرکەر و پاکتاوارەکاندا رێبکەوێت. رێککەوتنى لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەو بنەمایەیە".

"هێڵی چارەسەریمان؛ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکە"

بایک ئاماژەى بە هێڵی چارەسەری خۆیان کرد و وتى "هێڵی چارەسەرییمان لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکە، کە لەلایەن رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستنیشانکراوە. ئەگەر ئێمە ئەوە بە شێوەى گشتى فورمولە بکەین دەڵێین؛ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى دیموکراتیکدا کوردستانی ئازاد پێناسە دەکەین. بۆ پێناسەکردنی خۆبەڕێوەبەریش دەڵێین؛ تورکیاى دیموکراتیک و کوردستانى ئازاد، سوریاى دیموکراتیک و کوردستانى ئازاد. ئێمە ئەو ئازادییە بە خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک پێناسە دەکەین. یانى ئێمە وەک دەوڵەتێکى جیاواز لە یەکپارچەیى تورکیا و سوریا دانابڕێین و بەو شێوەیە پێناسەى ناکەین. لە راستیدا ئێمە دەوڵەت پێناسە ناکەین، ئێمە کۆمەڵگە پێناسە دەکەین. لەبەر ئەوەش ئێمە چارەسەریى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک بە بنەما دەگرین. خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک ئەو سیستمەیە کە هەموو کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکى ئازاد خۆیان بەرێکخستن دەکەن و خۆیان بەرێوەدەبەن و لەگەڵ کۆمەڵگەکانى تردا لە یەکێتییەکى دیموکراتیک دا دەبێت. بۆ نمونە، دەبێت کورد لە سوریا خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى خۆیان بونیات بنێن، بەڵام پێویستە لە یەکێتیى سوریاى دیموکراتیکدا بن. بۆ تورکیا، عێراق و ئێرانیش دۆخەکە بەو شێوەیە دەبێت. بۆ چارەسەریى هەموو کوردستانە. هێڵی چارەسەریى تەڤگەری ئازادیى کوردستان بەو شێوەیەیە".

"هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک بە نزیکایەتییەکى ستراتیژیک بە دواى چارەسەرییەوەن"

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە باسی ئەوەشیکرد، هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریاش ئەو هێڵە بۆ خۆیان بە بنەما دەگرن و راشیگەیاند "ئەوە بە ئاشکرا دەڵێن؛ 'ئێمە هێڵی تیۆریى و پراتیکی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە بنەما دەزانین و هەوڵ دەدەین لەم ناوچەیەدا جێبەجێى بکەین'. بەپێى ئەوە دەجوڵێنەوە. لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ سوریا پەیوەندیى دروست دەکەن. پەیوەندییەکە لەسەر بنەماى چارەسەرییە. نزیکایەتیى تاکتیکى نییە، کە هەندێک هێزى تر رۆژانە لە دژی هێزى تر ئەنجامى دەدەن. ماوەیەک چارەسەریى بەڕێوەبەریى ئەسەد زۆر روون نەبوو، جاروبار نزیکایەتیى ئاساییان نیشان دەدا و هەندێکیش خۆیان لە چارەسەری دووردەخستەوە، بەڵام دواى ئەوە جارێکیتر کاریگەریى خۆی (کاریگەریى هێزەکانى رۆژئاواى کوردستان) دەرخست، ئەو نزیکایەتییەش نەما. بەڵام لەو کاتەشدا چاوپێکەوتنى ئاسایى هەبوون. خۆیان لە بەڕێوەبەریى ئێستای سوریا دوورنەخستەوە. یانى کێشەکە ئەوە نییە، کە لە شام چ بەڕێوەبەرییەک هەیە. بابەتەکە چارەسەری لە ناو یەکپارچەیى سوریا بوو. لە شام (دیمەشق) بەڕێوەبەر کێ دەبێت با ببێت، ئەوان دەیانخواست لەسەر بنەمای بە دیموکراتیککردنى سوریا و لە ناو یەکپارچەیى سوریادا کێشەی کورد چارەسەر بکەن. کێ لەوێ بوایە پەیوەندییان لەگەڵ دەبەست. خواستیشیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن پەیوەندی دروست بکەن، ماوەیەکیش پەیوەندییان دروستکرد، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کوردیان لە رۆژئاوا رەتکردەوە و خۆیان لە پەیوەندی دوورخستەوە. ئەگەرنا کورد هەرگیز بۆ پەیوەەندى، خۆی لە هیچ هێزێکى سوریا دوور نەخستووەتەوە. چارەسەریی لەوێ بینى و ئەوەش نزیکایەتییەکى تاکتیکى نییە. نزیکایەتییەکى ستراتیژییە. نزیکایەتییەکى ستراتیژیکە بۆ ئەوەى لە ناو سوریاى دیموکراتیکدا چارەسەری بەدی بێت. ئەوە هێڵێکە و کار بۆ ئەوە دەکات خۆی بەو ئامانجە بگەیەنێت".

"پێکنەهاتنى چارەسەری بەهۆی کوردەوە نییە، بەڵکو بەهۆی عەقڵییەت و سیاسەتى هێزەکانى ترەوەیە"

بایک باسی ئەوەشیکرد، بەرێوەبەریى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵ دەدات پەیوەندى لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دروست بکات، رێککەوتن و هاوپەیمانى دروست بکات و پێکەوە بژین. ئەوەشی وت "لەبەر ئەوەش پێویستە مرۆڤ پەیوەندی و هەوڵەکان بۆ رێککەوتن و هاوپەیمانیى هێزەکانى سوریا و کورد لە رۆژئاوا بە کارێکى تاکتیکى نەزانێت. دەبێت مرۆڤ بە کارێکى ستراتیژیکى بزانێت. لەبەر ئەوەش چارەسەری لەوێ دەبینن. نەک تەنها لەگەڵ بەڕێوەبەریى ئەسەد، بەڵکو لەگەڵ هەموو هێزەکانى هەرێمەکە پەیوەندیى دروست دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەى هیچ یەک لەوانە خاوەنی سیاسەت و عەقڵییەتى دیموکراتیک نین، کە ئازادی و بوونی کوردان بپارێزێت، ئەو پەیوەندیى کاتى دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت بۆ رێککەوتنێکى ستراتیژیک. بەڵام کورد لەوێ بۆ چارەسەرییەکى ستراتیژیک دەگەڕێت. پێکنەهاتنى چارەسەریى ستراتیژیک بەهۆی کوردەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەت و عەقڵییەتى هێزەکانى ترەوەیە".

بایک ئەوەشی خستەڕوو، داوای کوردان پارچەکردن نییە و وتیشی "دەیانەوێت بەشێوەیەکى ستراتیژیک لەگەڵ سوریاى دیموکراتیک دا بن. دەبێت هەموو کەس بەو شێوەیە لەوە تێبگات. ئەوە لەگەڵ چ هێزێکدا روو دەدات؟ لەگەڵ ئەو هێزانەدا رووەدات، کە خاوەنی سیاسەت و عەقڵییەتى دیموکراتیکن، لەگەڵ سوریاى دیموکراتیک دا روودەدات".

"پەیوەندیى کوردان لەگەڵ ڕوسیا پێش بڕیارى کشانەوەکەش هەبوو"

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجی خستەسەر پەیوەندیى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لەگەڵ رووسیا و رایگەیاند "پەیوەندیى کوردان، خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لەگەڵ رووسیا، پەیوەندییەک نییە، کە دواى دواى بڕیارى ئەمریکا بۆ کشانەوە دروست بوو بێت. ئەو پەیوەندییە پێشتر هەبوو. هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئاستێک پەیوەندی، رێککەوتن، ناکۆکی و تێکۆشان هەبوو. دواى ئەوەى ئەمریکا وتى 'من دەکشێمەوە' بەشێوەى سروشتیش بۆ ئەوەى لەگەڵ هێزەکانى سوریا و یەکێتیى سوریاى دیموکراتیک بئافرێنن، پەیوەندیى رێککەوتن زیاتر بوون. لەلایەکى ترەوە پەیوەندى لەگەڵ رووسیا زۆرتر بەرەو پێشچوون، کە لە ئاستى جیهاندا هێزێکى کاریگەرە. لەلایەنى کوردەوە دۆخەکە بەوشێوەیە، سروشتییە و مرۆڤ لێی تێدەگات".  

"با هەموو کەس بزانێت؛ کورد لاواز و تەنگاو نەبووە و کورد لە ڕۆژئاوا تەنها نییە"

بایک وتى "لەم رێگەیەوە دەمەوێت و راستییە بڵێم. روونە لە دواى ئەوەى ئەمریکا بڕیارى خۆی بۆ کشانەوە ئاشکرا کرد، رووسیاش وەک دەسەڵاتدارانى ئاکەپە – مەهەپە وتى 'دەرفەتمان بۆ رەخسسا. ئێمە یەکڕاست کوردان دەخەینە ژێر کاریگەریى خۆمان' نزیکایەتیى لەو شێوەیە خرایەڕوو و ئێمە وردەکارییەکەى نازانین. ئەگەر نزیکایەتییەکى لەو شێوەیەیان خستبێتەڕوو، ئەوا هەڵەیەکى مێژوویى دەکەن. پێش هەموو شتێک کورد تەنگاو و لاواز نەبووە. کوردانی رۆژئاوا تەنها نین، رۆژئاواى کوردستان تەنها نییە. هەموو پارچەکانى کوردستان، گەلی کورد، هێزەکانى ئازادیى کوردستان لە پشتیانن. مرۆڤایەتى، هێزە دیموکراتیکەکان پشتیوانیانن. سەرباری ئەوەى ئەمریکا رایگەیاند، کە دەکشێتەوە، بەڵام هاوپەیمانیى دژ بە داعش هێشتا لە کارەکانى بەردەوامە. ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاند، بەردەوام دەبن. بە ناوی بزووتنەوەى ئازادیى کوردستانەوە، ئێمە ئەو هەڵوێستە بە مانادار دەزانین. وڵاتانى عەرەبیش راگەیاندراوی لەو شێوەیەیان بڵاکردەوە و ئێمە ئەوەشمان بە هێژا زانی. بەڕاستی ئێمە نزیکایەتییەکى یەکگرتوانەمان بینى. هیوادارین ئەوە بەردەوام بێت و نەبێتە نزیکایەتییەکى کاتى. ئێمە نازانین دواتر چۆن نزیک دەبنەوە، چی دەبێت با ببێت، بەڵام ئەو هەڵوێستانە گرینگ بوون. ئەگەر رووسیا بەشێوەیەکى بەرژەوەندیپەرستانە بجوڵێتەوە و بیەوێت رادەستى خۆیى بکات، ئەوا هەڵە دەکات".

"باکوری سوریا پێش هەموو شتێک بە شەڕ سەرکەوت، لە کوردستان و دونیاشدا قورسایى هەیە"

بایک دەستنیشانى کرد، باکووری رۆژهەڵاتى سوریا تەنها نییە و ئەوەشی وت "پێش هەموو شتێک بە شەڕ سەرکەوتنى بەدەستهێنا. خاوەنی هێز و ئیرادەى خۆیەتى. لە کوردستان، هەرێمەکە و دونیادا قورسایى و پاڵپشتى خۆی هەیە. هێزێک نییە، کە لەلایەن ئەمریکاوە دروستکرابێت و بەپێى داخوازیى و هەڵوێستى ئەمریکا دۆخی خۆی بگۆڕێت. ئەوانەى بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە لە هەڵەدان. هێزێک کە ئەوەندە شەڕی کردووە، ئەوەندە کاریگەریى هەیە، ئەوا لە گۆڕەپانى سیاسەتیشدا ئیرادەى خۆی دەسەلمێنێت. ئێمە هیوادارین رووسیا بەو شێوەیە نزیک نەبێتەوە، خۆی لە خۆیدا هەر واش نزیک نابێتەوە. هیوادارین ئەو بە ڕێزەوە نزیک ببێتەوە، ئیرادەکە قبوڵ بکات و بە شێوەیەکى دیموکراتیک نزیک ببێتەوە. بەو شێوەیە ستراتیژیاى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بۆ ئافراندنى سوریایەکى دیموکراتیک هێژا ببینێت. ببێتە لایەنگری ئافراندنى سوریایەکى نوێى لەو شێوەیە. لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر پەیوەندییەک دروست بکرێت، ئێمە پشتیوانیى لێدەکەین و دەڵێین، مانادار و هێژای دەبینین. بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، نزیکایەتییەکى بەرژەوەندیپەرستانەى بچووک بخرێتەڕوو، ئەوا هیچ ئەنجامێکى لێ بەدی نایەت. ناتوانێت بەڕێوەبەریى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، ناتوانێت کوردانى رۆژئاوا رادەستى خۆی بکات. بزووتنەوەى ئازادیى کوردستانیش نزیکایەتیى لەو شێوەیە بە مانادار و هێژا نازانێت".

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەم لینکەی خوارەوەدایە:

https://rojnews.news/رۆژهه-ڵاتى-ناوه-راست/جەمیل-بایک-سیاسەتی-ئەمریکا-لە-ناوچەکە-شیدەکاتەوە-35758


ک.ک