جەهانگیری: ئەمریکا هەموو ڕێگاکانی چالاکیی ئابووریی ئێرانی داخستووە

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆخی ئێستای وڵاتەکەی، دژوارترین دۆخی دوای شۆڕشە، ڕایگەیاند: هەموو ڕێگاکانی چالاکیی ئابووریی لەسەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە داخراون.


ئەمڕۆ ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتمانی هەناردەکردن، لە تارانی پایتەختی ئێران لەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکەی قسەیکرد.

جەهانگیری وتی: ئەمڕۆ ئێران لە مەترسیدایە، دوو ساڵە فشارەکانی ئەمریکا بەردەوامە، ڕێبەر (خامنەیی)، وەزیری دەرەوە و کاربەدەستانی دیکەیان خستە لیستی گەمارۆکانەوە، گەمارۆیان خستووەتە سەر بنەماکانی ئابووری ئێران و نەوت، لەژێر ئەو فشارانەی هێناویانە تەنانەت وڵاتانی دۆستی ئێرانیش ناوێرن نەوتی ئێران بکڕن، گەمارۆیان خستە سەر پیشەسازی پەترۆکیمیاویمان، گەمارۆیان خستە سەر پیشەسازیی ئاسن و کانزاکان، بەندەرەکان و کەشتییەکان بەبێ بیمە ناتوانن بڕۆن.

جەهانگیری هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکییەکان بە واتای ڕاستەقینە، هەموو ڕێگاکانی ئابووری ئێرانیان لەم دوو ساڵە داخستووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەهانگیری، وتی: دۆخی ئێستا، دژوارترین دۆخە لە دوای شۆڕشی (گەلانی ئێران)ـە، بەڵام خەونەکەی ئەمریکا پێکنەهات.

ک.س