حوسییەکان دوو فڕۆکەخانەی سعودییەیان کردە ئامانج

بۆ چەندەمین جار حوسییەکانی یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر هەر دوو فڕۆکەخانەی جیزان و ئەبها لە سعودییە، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا گەشتەکانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیە ڕاگیراون.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر هەر دوو فڕۆکەخانەی ئەبها و جیزان لە وڵاتی سعودیە.

تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرەی سەر بە حوسییەکانی یەمەن، لەزاریی یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزەکانی حوسی (ئەنساروڵا) بڵاویکردووەتەوە "ناوەندە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکانی سعودیە چیتر ئاسایشیان نییە و تا ئەوکاتەی دەستدرێژییەکان و گەمارۆی سەر یەمەن کۆتایی پێنەیەت، ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن.

یەحیا سەریع، وتوشیەتی: لە هێرشەکەدا شوێنی ڕاگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سعودیە کراونەتە ئامانج، بەڵام تا ئێستا کاربەدەستانی سعودی لەسەر زیانەکانی ئەم هێرشە قسەیەکیان نەکردووە.

ئەوە بۆ چەندەمین جارە کە لەلایەن حوسییەکانەوە هێرش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە و ڕۆژی یەکشەممەش حوسییەکان فڕۆکەخانەی ئەبهایان کردە ئامانج کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کەسێک کوژرا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.

شەڕی یەمەن کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستا نزیکەی ١٠ هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە و بە ملیونان کەسیشی ئاوارە کردووە، هەروەها بەهۆی گەمارۆ ئابورییەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە ڕێبەرایەتی سعودیە، کە خراوەتە سەر یەمەن، خەڵکی ئەو وڵاتە تووشی ئەزمەی قاتوقڕی و برسییەتی بوونەتەوە.

ک.س