حوسییەکان هەڕەشەکەیان پێکهێنا و لە فڕۆکەخانەیەکی سعودیەیاندا

دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە ٣٠٠ ئامانجیان لە ئیمارات و سعودیە دیاری کردووە بۆ پێکان، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد کە کۆگایەکی تەقەمەنی سعودیە-یان لە فڕۆکەخانەی نەجران کردووەتە ئامانج.


بەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیونی 'مەسیرە' کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەن‌دایە ڕایگەیاند کە گروپی ئەنساروڵا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری 'قاسف K2' هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نەجران لە باشوری سعودیە کە پێگەیەکی سەربازیی تێدا بووە.

دوێنێ بزوتنەوەی ئەنساروڵا هەڕەشەی هێرش کردنە سەر ٣٠٠ ئامانجی لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات کرد، هەروەها ڕایانگەیاند بوو کە پێکانی بۆرییە نەوتییەکان هێرشی یەکەم و دەستپێکی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە و هێشتا ٢٩٩ ئامانجی دیکە ماون.

کاتژمێرێک پێش هەواڵەکەی تەلەفزیونی مەسیرە، ئاژانسی فەرمی دەوڵەتی سعودیە لە زاری تورکی مالکی، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاندبوو: حوسییەکان هەوڵیانداوە شوێنێکی مەدەنی لە نەجران بکەنە ئامانج.

حوسییەکانی یەمەن بە سەرپەرشتی بزوتنەوەی ئەنساروڵا گروپێکی شیعەی سەربە ئێرانن کە دژی دەوڵەتی یەمەن شەڕ دەکەن و لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە سەنعا-ی پایتەختیان خستووەتە ژێرکۆنترۆڵی خۆیان.

ک.س