حکومەتی ئێران دانی بە هەڵکشانی ٦٠٪ی بەهای کاڵاکاندا نا

محەمەد باقر نەوبەخت، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران دان بە هەڵکشانی ٥٠ بۆ ٦٠٪ی بەهای کاڵاکاندا دەنێت و داوای یارمەتی لە خەڵکی ئێران دەکات.


شەوی ڕابردوو، وتەبێژی دەوڵەتی ڕۆحانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دانی بە تێکچوونی دۆخی ئابوری ئێران لەپاش هەوڵوەشانەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکادا نا.

نەوبەخت ڕایگەیاند، کە بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار داکشاوە و ئەگەری هەیە کە ئەو داکشانە لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتریش بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، کە دەوڵەت ڕەتیناکاتەوە، کە پاش هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا بەهای هەندێک لە کاڵاکان ٥٠ بۆ ٦٠٪ زیادی کردووە.

وتیشی: ئەمساڵ دەوڵەت بەهای نان و بەنزینی زیادنەکرد، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهای نان و بەنزینیش هەڵبکشێن.

هاوکات دانی بە هەڵکشانی لەپڕی بەهای ئۆتۆمبێلیشدا ناوە.

نەوبەخت بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابورییە گشتگیرەی هەموو وڵاتی داگرتووە، داوای هاوکاریی لە خەڵکی ئێران کردووە.

س.ح