حکومەتی عێراق: لەشکرکێشیی تورکیا جێگای قبوڵکردن نییە

وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، توركیا ناوچه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان بۆردوومان ده‌كات و له‌شكركێشی ئه‌نجامده‌دات، ئه‌وه‌ش پێشێلكاری سه‌روه‌ریی خاكی عێراقە و جێگا‌ی قبوڵكردن نییه‌.


ئەمڕۆ، سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسییدا، تیشکی خستووەتە سەر داگیرکارییەکانی توركیا لە باشوری کوردستان.

سه‌عد حه‌دیسی ڕایگه‌یاندووە: له‌شكركێشیی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عێراق حاشاھه‌ڵنه‌گره ‌و ھه‌ڵوێستی به‌غداش له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر ڕوونه‌.

وتوویشییەتی: به‌غدا به‌ مافی خۆی ده‌زانێت پارێزگاری له‌سه‌روه‌ریی خاکی وڵاته‌كه‌ی بكات.

وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەشی وتووە: به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق و به‌پاساوی بوونی بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌، توركیا ناوچه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان بۆردوومان ده‌كات و له‌شكركێشی ئه‌نجامده‌دات، ئه‌وه‌ش پێشێلكاری سه‌روه‌ریی خاكی عێراقە و جێگای قبوڵكردن نییه‌.

سەعد حەدیسی، هۆشداریشی داوە: مانه‌وه‌ی سوپای توركیا لە خاکی هەرێمی کوردستان، ڕه‌وشه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كات.

ب.ل