حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری بەپەلەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاریی و بەجێگەیاندنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەکرد.


درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئەنجامدا، تێیدا ١٧ بڕیاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران دەکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەژاریی، بێکاریی دەرکراوە و بڕیاریشدراوە قەرەبووی ئەو خانەوادانە بکرێتەوە، کە کەسوکاریان لە خۆپیشاندانەکانی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون و برینداربوون.

بەشێک لەو بڕیارانەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەریکردوون:

١- دەرفەتی کار بۆ خەڵکی هەژار دابینبکرێت و زەوییان پێبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داواکاریی هاوڵاتیان قبووڵبکرێن و هاوڵاتیان بتوانن داوای زەوی بکەن و خانوو دروستبکەن.

٢- لە ماوەی چوار هەفتەدا لە بەسرا ١٧ هەزار پارچە زەوی بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشبکرێت.

٣- لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی کە ڕێژەی هەژاریی تێیاندا بەرزە، ١٠٠ هەزار خانوو بۆ خەڵکی هەژار دروستبکرێن.

٤- بۆ جێبەجێکردنی هەرسێ خاڵی سەرەتا، دەبێت هەموو پارێزگاکان ئامادەکاریی بکەن، ناوی هاوڵاتیان تۆماربکەن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.

٥- مانگانە بڕی ١٧٥ هەزار دینار وەک مووچە بدرێتە ١٥٠ هەزار کەس، کە توانای کارکردنیان نییە.

٦- لە پارێزگاکان هەلی کار بۆ ئەو کەسانی بێکار بڕەخسێندرێت، لەناو بازاڕدا کابینەیان بۆ دادەنرێت.

٧- مانگانە ١٧٥ هەزار دینار دەدرێتە ١٥٠ هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کە تاوەکو ئێستا کاریان دەستنەکەوتووە، بەومەرجەی لە ماوەی سێ مانگدا کار بۆخۆیان بدۆزنەوە.

٨- بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاریی، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ١٥ی مانگەوە لەناو گەنجانی تەمەن ١٨-٢٥ ساڵیدا دەست بە تۆمارکردنی ناو دەکات، وەزارەتی پەروەردەش کاردەکات بۆ دامەزراندنی مامۆستا، هەروەها دامەزراندن بۆ ئەو مامۆستایانەش دەستپێبکات کە بەشێوەیەکی گرێبەست وانە دەڵێنەوە، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠یش پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵیش بڕیاری لێبووردن بۆ ئەو جووتیارانە دەردەکات کە زەویان بەکرێ گرتووە و کرێیان لێ وەرناگرێت.

٩- لە هەموو پارێزگاکانی عێراق پارێزگارەکان لیستی ماڵی هەژار ئامادەبکەن و مووچەی کۆمەڵایەتییان بۆ ببڕدرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا مووچە بە ٦٠٠ هەزار خانەوادە لێی سوودمەند دەبن.

١٠- ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە (مەدەنیی، سەرباز، پۆلیس) وەک شەهید دەناسرێن و خانەوادەکانیان وەک خانەوادەی شەهید سوودمەند دەبن، وەزارەتی تەندروستیش کار بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان دەکات و ڕێکارە پێویستەکان دەگرێتە بەر.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریدا کە نابێت بەهیچ شێوەیەک تەقە لە خۆپیشاندەران بکرێت، جەختیشیکردەوە، کە تۆمەتباران دەدەنە دادگا.

سەرۆکی ئەنجموەنی وەزیرانی عێراق، دەرگای گفتوگۆشی بەڕووی خۆپیشاندەراندا کردەوە و ڕایگەیاند، کە ئامادەن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرییدا بکەن.

ماوەی پێنج ڕۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتووەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقیش، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و زیاتر لە ٤ هەزار کەسیش برینداربوون.