حەسەن ڕۆحانی پاش ٢٠٠ ڕۆژ لە تەلەفزیۆن دەرکەوت

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاشتاگی "ڕۆحانی لە کوێیە" پەرەی سەند، لە تەلەفزیۆنی حکومەیی ئێراندا دەرکەوت و بەحسابی خۆی وەڵامی پرسیارەکانی خەڵک لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی ئێستای ئێرانی دایەوە.


شەوی ڕابردوو، حەسەن ڕۆحانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت باسی قەیرانی ئابوری لە ئێران، ناڕەزاییەکانی خەڵک، و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکای کرد.

ڕۆحانی لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران وتی: ئەوروپا لە بەرامبەر ئەمریکادا وەستاوە و پشتگیریمان دەکات، لە ڕووی سیاسییەوە هەڵوێستەکانیان زۆر باشە، بەڵام دەبێت لە ڕوی پراتیکیشەوە هەنگاو بنێن، لەلایەکی دیکەوە باسی لە پشتگیرییەکانی چین و ڕوسیا پاش جێبەجێکردنی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد.

لەبارەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی خەڵکەوە، وتی: قەیرانەکان لە پاش خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە قووڵتربوونەوە، ئەمریکا ئەو خۆپیشاندانانەی وەک هەل لە ئاستی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا قۆستەوە.

پاشان بەبێ ئەوەی باس لە چۆنێتی یان بەرنامەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، وتی، "هەموو کێشەکان چارەسەردەبن".

لەبارەی شەپۆلی خۆپیشاندانی ئەم دوواییانەش، سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئەوانە ژمەرەیەکی کەمن کە لە ژێر کاریگەریی میدیا دەرەکییەکان دەڕژێنە سەر شەقامەکان، بەهەرحاڵ گۆڕانی سیستمی کۆماری ئیسلامی مەحاڵە، هەرچەند کێشەشی تێدا هەبێت.

رۆحانی باسی لە گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد و ئەو گەمارۆیانەی وەک شەڕی تایبەتی ترامپ لەدژی خەڵکی ئێران ناوزەدکرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە نەک گەمارۆ ئابورییەکان، بەڵکو پێشتر تویتێکی ترامپ لەبارەی ئەو گەمارۆیانەوە دەبووە هۆی داکشانی بەهای تمەن لەبەرامبەر دۆلار.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە هەڵوێستە توندەکانی ئەو و حکومەتی ئێران وایانکردووە، کە ترامپ هەنگاوێک بکشێتەوە، بەوتەی چاودێرانی سیاسیی، ئەوەش تەنیا بانگەشەیەکی حەسەن ڕۆحانییە، چونکە ترامپ نەک لە هیچ کام لە هەڵسوێستەکانی نەکشاوەتەوە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سوورترە لەسەر جێبەجێکردن و بەرفراوانکردنەوەی گەمارۆ ئابورییەکان.

لەبارەی دانیشتن و دەستپێکردنی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، رۆحانی وتی: ئەمریکا زیانی بە ژیانی خەڵک گەیاندووە و مەرجی وەها دانیشتنێک قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە و دانی غەرامە بە ئێرانە.

لەبارەی ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە ئێرانیش وتی، "خەڵک دڵنیابن شتی وا ڕوونادات"، بەڵام ڕوونی نەکردەوە لە کاتێکدا سوپای پاسداران و خۆی وەک سەرۆک کۆمار هەڕەشەی سەربازی لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن چۆن ئەگەری ڕوودانی شەڕ نییە.

قسەکانی حەسەن ڕۆحانی لە کاتێکدایە، کە هەڵئاوسانی ئابوری لە ئێران لە کۆنتڕۆڵی حکومەت و پێوەرە ناوخۆکان چووەتە دەرەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتردەکات، لەلایەکی دیکەوە لە دوێنێوە خولی یەکەمی گەمارۆ ئابورییەکان جێبەجێ کراون، کە پێشەکییەکن بۆ گەمارۆکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، کە بەگوێرەیان وابڕیارە ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت بایکۆت بکرێت.

هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، قسەکانی ڕۆحانییان بە گەمژاندنی خەڵک ناوناوە و دەڵێن "ئەو بەڵێنانە چیدی جێگای باوەڕ نین".

جێگای ئاماژەیە، کە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان تا دوو ڕۆژ پێش ئێستاش بەردەوامییان هەبوو، بەڵام بە هەڕەشە و قەدەغەی هاتووچۆ و کوشتن و زیندانکردنی هاوڵاتییان توانرا بەشێوەی کاتی ئەو خۆپیشاندانانە بوەستێندرێن، هاوکات لە چەند کارگەی گەورەی ئێران مانگرتن لە کارکردن ڕاگەیەندراوە، پێدەچێت ئەوە ببێتە هەوێن بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و ڕاکێشانی بەرەو شەقامەکان.

س.ح