خاتەمی: حکومەتی فیدراڵی باشترین مۆدێلە بۆ ئێران

سەید محەمەد خاتەمی، بە ئەندامانی ئەنجومەنی شاری تارانی ڕاگەیاندووە: ئەنجومەنەکانمان وەک هێمای کۆمەڵگای مەدەنی دامەزراند، پێشوازیشی لێکرا، لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا حکومەتی فیدراڵی باشترین مۆدێلە بۆ ئێران.


خاتەمی کە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٥ بۆ دوو خول سەرۆک کۆماری ئێران بوو، و ئێستا لە بەرەی چاکسازیی دایە، لە دانیشتنێکی خۆیدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شاری تاران ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ئێران کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە باشترین شێوازی حکومەت بۆ داهاتووی ئێران مۆدێلی فیدراڵیە.

لەو دانیشتنەدا خاتەمی وتوویەتی:"ئەنجومەنەکانمان وەک هێمای کۆمەڵگای مەدەنی دامەزراند، کە پێشوازیی فراوانێکی لێکرا و ئەم پێشوازییە پیشاندەری ئەوەیە، کۆمەڵگای ئێمە بەرەو دیموکراسی چووە".

خاتەمی ئەوەشی وتووە: دڵخوازترین حکومەتی بۆ خەڵک لە دۆخی ئێستای ئێران، ئیدارەی فیدراڵیە، ئەو کاتە ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ تەنانەت ١٠ ناوچەی فیدراڵیشمان دیاری کردبوو، بەڵام بەم دەستووری ئێستا هەیە ئێران ناتوانێت وڵاتێکی فیدراڵ بێت.

شایەنی باسە کە ناوندی لێکۆڵینەوەکەنی پەرلەمانی ئێران، پێشنیاری سیستمێکی فیدراڵی پێشکەش کردووە، هەروەها ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی تەبرێزیش ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی کۆماری فیدراڵی بۆ داهاتووی ئێران ئامادە کردووە، پێشتریش موحسین ڕەزایی فەرماندەی گشتی پێشووی سوپای پاسداران و سکرێتری ئێستای ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، کە خولەکانی ڕابردوو خۆی بۆ سەرۆک کۆماریی کاندید کردبوو، لە دروشمەکانی خۆیدا شێوەیەک لە فیدراڵیزمی خستەڕوو.

ئەنجومەنی شارەکان "شورای ئیسلامی شار"، لە سەردەمیی سەرۆک کۆماریی خاتەمیدا لە ئێران دروستکراون.

س.ح