خامنەیی دیسان هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەکەی پێشتری خامنەیی ڕووبەڕووی ڕەخنەی نێودەوڵەتی بوەوە، بەڵام جارێکی دیکە خامنەیی هەڕەشەکانی دژی ئیسرائیل دووبارە کردەوە.


ئەمڕۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئایینی ئێران، لە وتارێکدا کە (بە بۆنەی ڕۆژی قودس) لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی بڵاوکرایەوە، پشتیوانیی بۆ گروپە فەڵەستینییەکان دووپاتکردەوە و داوای کرد کە هەمووان پشتیوانییان لێبکەن بۆ جیهاد دژی ئیسرائیل.

خامنەیی داوای لە موسڵمانان کرد کە کێشەی فەڵەستین بە زیندوویی بهێڵنەوە و لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانی خۆی لە گروپەکانی حەماس، حزبوڵا و جیهادی ئیسلامی، ڕایگەیاند: بە دەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگریی (مقاومە)، کاری ئیسرائیل سەخت و سەختتر بووەتەوە و لە داهاتووش زۆر سەختتر دەبێتەوە.

خامنەیی هەروەها تێکۆشان بۆ ئازادیی فەڵەستینی بە جیهاد لە قەڵەمدا و وتی: هەمووان دەبێت لەم جیهادە پیرۆزەدا هاوکاری فەڵەستین بکەن، دەستی پڕ بکەن و پشتیبگرن، ئێمەش بە شانازییەوە ئەوەی لە دەستمان بێت لەم ڕێگایەدا دەیکەین.

عەلی خامنەیی ئیسرائیلی بە ڤایرۆس ناوبرد و هەڕەشەکانی دژی ئەو وڵاتە دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند: ئەوەی دەبێت بێگومان بڕوات ڕژێمی ئیسرائیلە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، خامنەیی جارێکی دیکە لەڕێگەی تویتێکەوە هەڕەشەی لەئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند: "لەناوبردنی ئیسرائیل، بە واتای لەناوبردنی خەڵکی جولەکە نییە، لەناوبردنی ئیسرائیل، واتای ئەمەیە کە موسڵمان، مەسیحی و جولەکەکانی فەڵەستین، خۆیان دەوڵەتی خۆیان هەڵبژێرن و بیانییەکان و خۆێڕییەکی وەک ناتانیاهۆ وەدەربنێن، ئەمە واتای لەناوبردنی ئیسرائیلە و بێگومان مسۆگەر دەبێت".

ئەم تویتەی خامنەیی ڕەخنەی نیودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و لەو چوارچێوەیەدا جۆزف بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ڕایگەیاند: "بە توندترین شێوە، بانگەوازییەکەی عەلی خامنەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل شەرمەزار دەکەم، ئەمە هەڕەشەیەکە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئاسایشی ئیسرائیل گرنگییەکی تایبەتی هەیە و یەکێتی ئەوروپا لەپاڵ ئیسرائیل وەستاوە".

ک.س