خامنەیی ڕەتیکردەوە لێقەوماوانی لافاو قەرەبووبکرێنەوە

عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، ڕەتیکردەوە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەم دواییەی ئێران لە سندوقی گەشەپێدانی نەتەوەیی قەرەبو بکرێتەوە، ڕاشیگەیاند، با حکومەت لە ڕێگای دیکەوە قەرەبوویان بکاتەوە.


ئەمڕۆ ڕێبەری ئێران، داواکاری حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ڕەتکردەوە بۆ دەرهێنانی پارە لە سندۆقی گەشەپێدانی نەتەوەیی بە مەبەستی قەرەبوونکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی لافاوەکەی ئەم دواییەی ئێران و ڕایگەیاندووە، حکومەت لە ڕێگەکانی دیکەوە پارەیە دابین دەکات.

خامنەیی لە وەڵامی داواکارییەکەی ڕۆحانی کە لە نامەیەکدا، وتوویەتی: هەروەک دەزانن هەڵگرتنی پارە لە سندوقی گەشەپێدانی نەتەوەیی تەنها لە کاتێکدا دەبێت، کە هیچ ڕێگایەکی دیکە نەمابێت بۆ بەدەستهێنمانی ئەو بڕە پارەیەی پێویستە، بۆیە جەخت دەکەمەوە کە حکومەت لە شوێنەکانی دیکە ئەو پارەیە دابین بکات، ئەگەر پێینەکرا ئەو کات داواکارییەکەتان پەسەند دەکرێت.

سندوقی گەشەپێدانی نەتەوەیی، دامەزراوەیەکی سەربە بەحکومەتە و پارەی زیادەکانی فرۆشتنی نەوت و گاز پاشەکەوت دەکات.

جێگای ئاماژەیە، کە عەلی خامنەیی ماوەیەک لەمەوبەر، فەرمانی خەرجکردنی دوو ملیار یۆرۆی بۆ خەرجە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی دابوو لە سندوقی گەشەپێدانی نەتەوەیی.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە ئێستادا لافاو لە ئێران بەردەوامە و لێقەوماوانی لافاو لە پارێزگاکانی باکوری ئێران و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، لەلایەن دەوڵەتەوە هاوکاریی ناکرێن و لەم ماوەیەدا زیاترین هاوکاریی و بەهاناوەچون لەلایەن خەڵک و ئەنجومەنە مەدەنییەکانەوە بە لێقەوماوان کراوە.

س.ح