خان شێخون بە تەواوەتی کەوتە دەست حکومەتی سوریا

دوای پێنج ساڵ کە خان شێخون لە پارێزگای ئیدلب لە دەستی چەتەکانی سەربە تورکیا بوو، بە پاشەکشی چەتەکان ئەو شارە بە تەواوەتی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی سوریا و بە پاڵپشتی ڕوسیاوە کۆنترۆڵ کرا.


ئەمڕۆ هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە پاڵپشتی ڕوسیا دوای پێنج ساڵ توانییان شاری ستراتیژی خان شێخون لە پارێزگای ئیدلب کۆنترۆڵ بکەن، هەروەها دەوترێت خاڵێکی چاودێری دەوڵەتی تورکیش لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە گەمارۆ دراوە.

دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ـدا شاری خان شێخون لە باشوری پارێزگای ئیدلب کە شارێکی ستراتیژییە، کەوتە دەستی چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک و لە ساڵی ٢٠١٧ـدا کیمیاباران کرا.

بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە پاڵپشتی ڕوسیا، هێزەکانی ڕژێمی سوریا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو شارە دەستپێکرد و دوێنێ توانییان بچنە بەشێک لە شارەکەوە، هەر دوێنی کاروانێکی سوپای تورک کە بۆ پاڵپشتی چەتەکانی بەرەو ئەو شارە دەهات، لەلایەن هێزەی ئاسمانی ڕژێمەوە کرایە ئامانج و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ڕزگار کردنی چەتەکانی بی ئاکام بوو.

ئەمڕۆ و بە زیادکردنی هێرش و فشارەکانی هێزەکانی ڕژێم، چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە خان شێخون پاشەکشێیان کرد و هێزەکانی ڕژێم توانییان دوای پێنج ساڵ شارەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن.

س.ح