خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران کۆتایی بەکارەکانی هێنا

خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران کۆتایی بەکارەکانی هێنا و خولی یازدەیەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوای جەژن دەست بەکارەکانی دەکات.


ئەمڕۆ دوایین دانیشتنی خولی دەیەمی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ی ئێران، بەڕێوەچوو و بە گرتنی وێنەیەکی یادگاری خولەکە کۆتاییپێهات.

لە دوایین دانیشتندا، سەرۆکی ئەم خولەی پەرلەمان، عەلی لاریجانی ڕایگەیاند: "لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، هیچ پەرلەمانێک ئەوەندەی ئەم خولەی پەرلەمان سووکایەتیی پێنەکراوە، هەم لەلایەن دوژمنانەوە هەمیش لەلایەن دۆستانەوە، ئەم خولەی پەرلەمان زۆڵمی لێکرا". 

هەرەچەند ئەمە کۆتا دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمانی ئێران بوو بەڵام، تا ٢٦ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی و خولی نوێ (١١) ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە دەست بە کارەکانی دەکات.

ڕۆژی ٢١ی مانگی ٢ی ئەمساڵ، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی ١١ـەمی پەرلەمانی ئێران ئەنجامدرا، بەڵام کەمترین ڕێژەی بەشداریی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی تۆمارکرد، لەو بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕێژەی بەشداریی ٤٢.٥٧٪ ڕاگەیاند، هەرچەند ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ئامارە نافەرمییەکان باسی بەشداریی کەمتر لە ٢٠٪ ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەکەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئێران بەجۆرێکە کە چەند مانگێک پێش دەستبەکاربوونی خولی نوێ، هەڵبژاردنەکەی بەڕێوەدەچێت، لەو ماوەیەشدا، لەو بازنانەی بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێژەی پێویست یان ساختەکاریی یان هەر هۆکارێکی دیکە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ڕەتکرابێتەوە، دووبارە دەکرێتەوە، تا نوێنەری ئەو شارە یان ئە پارێزگایە لە خولی نوێ ئامادە بێت.

ک.س