خۆبەڕێوبەریی بۆ ناوچەی ئارام بانگی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

نوێنەرانی ٣١ پارت و ڕێکخستنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نامەیەکدا بانگیان لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە نەبنە هاوبەشی دەوڵەتی تورک و لە پرۆژەی ناوچەی ئارام دەریکەن.


پارت و ڕێکخستنە سیاسییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەسەر هەوڵدانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ تێوەگلاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پیلانی داگیرکردنی سوریا و زیندووکردنەوەی تیرۆریستەکان، نامەیەکیان ئاراستەی ئانتۆنیۆ گوترێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لەنامەکەدا هاتووە: لە دەستپێکی هێرشەکانی سوپای تورکەوە بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تاوانی شەڕ و کردەوەی دژە مرۆیی لەدژی دانیشتوانی ناوچەکە ئەنجام داوە، کۆمەڵکوژیی کردووە، سیاسەتمەدارانی وەک هەڤرین خەلەف تیرۆر کردووە، چەکی قەدەغە و فۆسفۆری سپیی بەکارهێناوە، تیمە تەندروستییەکان و دیلەکانی کوشتووە، لەلایەکی دیکەشەوە بینا، نەخۆشخانە، مزگەوت، کڵێسا و خوێندنگاکانی کردووەتە ئامانج، کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ١٨ی مانگی ١٠ی ٢٠١٩ لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا بە ڕوونی باسی کردووە.

لە بەردەوامی نامەکەدا وەها هاتووە: ئامانجی ڕاستەوخۆی تورکیا لەو هێرش و داگیرکارییانە، کۆچبەرکردنی خەڵکی مەدەنی (٣٠٠ هەزار کەس)، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ تیرۆریستان و بەجێیکردنیان لە ناوچەکەیە بۆ ئەوەی ناوچەکە بگەڕێنێتەوە لوتکەی تیرۆر، کە هەڕەشە لە ئارامی نەتەوەیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات.

هەروەها هاتووە: ئێمە وەک پارت و هێزە سیاسییەکان بانگ لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، کە ڕەوایەتی بە پیلانە تاکلایەنەکانی تورکیا نەدات، بۆ ئەوەی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر نەکات و نەتەوە یەکگرتووەکان پەلکێشی پلانەکانی خۆی بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی نەکات، با ئێوەش بزانن؛ ئێمە پێشوازیمان لە هاوڵاتیانی سوریا کرد کە ئاوارەی تورکیا بوون تا بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە هەلپەرەستی تورکیا لەم دۆسییەیە ڕەتدەکەینەوە، چونکە تورکیا بەو شێوەیە هەوڵدەدات پرۆژەی خۆی بۆ پاکتاوکردنی ئەتنیکی ڕەوا بکات، هاوکات دەڵێین ئەگەر ناوچەی ئارام پێویست بێت، پێویستە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی بێت و تورکیا تێدا بەشدار نەبێت، چونکە دەوڵەتێکی داگیرکەرە و پشتیوانی گروپە توندڕە و تیروریستەکان دەکات.

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە: بانگی بەپەلە لە دەوڵەتەکان دەکەین، تا ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات بیوەستێنن، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا و گروپە جیهادییەکانی گرێدراوی تورکیا لە ماڵی هاوڵاتیان جێگیر بوون، چیتر خەڵک ناتوانن بگەڕینەوە ماڵەکانیان، بە تایبەتی کە لە عەفرین هێشتاش بەرامبەر خەڵکی مەدەنی پێشلکاری ئەنجام دەدرێت و لە دەستپێکی داگیرکردنی عەفرینەوە ٧٥٪ی دیموگرافی ناوچەکە گۆڕدراوە.

ئەو پارت و هێزە سیاسییانەی واژۆیان کردووە:

دەستەی هەماهەنگی نیشتمانی- بزوتنەوەی گۆڕانی دیموکراتی

پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە

پارتی یەکێتی سوریانی

پارتی ئاشتی دیموکراتی کوردستان

یەکێتی لیبرالی کوردستان

پارتی کۆمۆنیستی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا- ئالپارتی

پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا

پارتی چەپی کورد لە سوریا

 پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سوریا

پارتی کۆبوونەوەی نەتەوەیی کوردستان

پارتی گۆڕانی دیموکراتی کوردستان

پارتی نۆژەنی کوردستان

یەکێتی کرێکارانی کوردستان

دەستەی نەتەوەیی عەرەبی

پارتی مۆدڕنیتە و دیموکراتی سوریا

پارتی کەسکی کوردستان

پارتی یەکڕیزی دیموکارتی کورد لە سوریا

پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا- یەکێتی

پارتی سەرەڕاستکردنی سوریا

پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا- ئەلپارتی

پارتی ئاشوری دیموکراتی

پارتی برایەتی کوردستان

پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد

یەکێتی نیشتمانی ئازاد- ڕۆژئاوا

شەپۆلی داهاتووی کوردستان

تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی- تەڤدەم

کۆنگرەی ستار

پارتی پارێزگارانی دیموکراتی

پارتی تێکۆشانی دیموکراتی

پارتی کۆماری کوردستان

س.ح