خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک: دەستورێک ئێمە تێیدا بەشدارنەبین پەیوەندی بەئێمەوە نابێت

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند: پێکهاتەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونە قوربانی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنەکانیان، ئەو بڕیارانەی کە لە دانیشتنەکانی جنێڤ دەردەچێت ئەگەر ئێمە بەشدارنەبین تێیدا، ئەوا هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نابێت.


سەبارەت بە دوورخستنەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نوسینەوەی دەستوری بنەڕەتی سوریا، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمیتەو دەزگاکانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لوقمان ئەحمێ وتەبێژی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوەو لەسەرەتادا ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ئەتنیکی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکان بۆسەر گەلانی سوریا کرد و ڕایگەیاند: دەوڵەتانی وەکو ئەمریکا و ڕووسیا بە بێدەنگ بوونیان هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکەن لە خوێنڕشتنی گەلانی سوریا.

ئەحمێ ئەوەی بەبیر جیهان هێنایەوە، کە دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانی وەکو داعش و جەبهەت ئەلنوسرە  بەشێوەیەکی ئاشکرا لەبەرچاوی جیهانەوە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، وتیشی: بە سەدهەزاران کورد، عەرەب، سوریان، ئاشور، تورکمان و چەرکەز کۆچبەر بوونە، هەروەها شارە کریستیانەکانی وەکو عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی لەلایەن چەتەکانەوە وێران کراون.

سەبارەت بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لوقمان ئەحمێ ڕایگەیاند: تورکیا ئەو ناوچانەی کە داگیریکردوون جەخت لە گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی دەکاتەوە، زمانی تورکی و  بەکارهێنانی پارەی تورکی سەپاندووە،ئاڵای تورکیا لە نەخۆشخانە، خوێندنگاو تەواوی شوێنە گشتیەکان هەڵکردووە، جگە لەمانەش دزی، تاڵانکردن، ڕفاندن و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەشی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدات.

وتەبێژی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بە دوورخستنەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لەنوسینەوەی دەستوری سوریا و کۆبوونەوەکانی جنێڤ دا و ڕاشیگەیاند: نوێنەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ دوورخرایەوە، بەڵام نوێنەری گروپە تیرۆریستیەکانی داعش و جەبهەت ئەلنوسرە لە کۆبوونەوەکاندا بەشدارن، سەرەڕای ئەوەی کە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە ڕۆڵیان بینی لە بنەبڕکردنی تیرۆر و لەمبارەشەوە قوربانی زۆریان دا، لەبەرئەمەش نابێت ئەو گروپە تیرۆریستیانە لە دیاریکردنی داهاتووی سوریا خاوەن بڕیاربن، هاوکات دەبێت دەوڵەتی تورک کە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە لە دادگای نێودەوڵەتی سزابدرێت.

لوقمان ئەحمێ دەستنیشانی کرد، کە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەلاتی سوریا هەمیشە بانگی چارەسەری ئاشتیانەو دیالۆگی ناوخۆیی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا.

ئەوەشی وت: خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بە گەرەنتی ڕووسیا ئامادەیە لەگەڵ حکومەتی سوریا لە شام گفتوگۆ بکات، لەبەرئەوەی دەوڵەتی ڕووسیا لەمبارەوە ئەکتیڤە و دەتوانێت فشار بخاتە سەر حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

لوتمان ئەحمێ وتەبێژی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە" هەربڕیارێک بۆ دەستور بەبێ بەشداربوونی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و ڕێز لە ئیرادەی سەرجەم گەلان نەگیرێت، ئەوا ئەوکات ئەو بڕیارە پەیوەندی بە ئێمەوە نابێت".

ب.ش