خۆپیشانداندەران دەروازەی سەفوانیان داخست و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیش ئازادکران

خۆپیشاندانەکانی بەشێک لە شارەکانی عێراق بەردەوامە و لە شاری بەسرە خۆپیشانداندەران دەروازەی سەفوانیان لەنێوان کوێت - عێراق داخست، ئەمڕۆش ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان بە کەفالەت ئازاد کران.


لە ٢٥ی مانگی ڕابردوەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لە بەغدا و ژمارەیەك پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیپێكردوەتەوە و خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و چاكسازی و ڕەخساندنی هەلی کار دەكەن، سەرەڕایی چەندین بەڵێنی بەرپرسان و کوشتن و بریندارکردن و دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندرەر، بەڵام ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا درێژەیان هەیە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە سنوری پارێزگای بەسرە خۆپیشانداندەران دەروازەی سەفوانیان لەنێوان کوێت - عێراق داخستووە و ڕێگای هاتوچۆکردنیان گرتووە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە ڕێگە بە هاتوچۆکردن لە دەروازەکەدا نادەن تا ئەوکاتەی داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکرێت.

 لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاشکرایکردووە کە ئەمڕۆ ژمارەیەک خۆپیشاندەری دیکە ئازاد کراون و بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی تائێستا بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەستگیركراون و بەكەفالەت ئازادكراون گەیشتوەتە دوو هەزارو ٤٠٠ كەس.

ک.س