خۆپیشاندانی عێراقییەکان بەردەوامە و دەسەڵاتدارانیش کۆبوونەوە

سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فەرماندەی هێزە ئەمنییەکان کۆبوونەوە، هەروەها خۆپیشاندان لە چەندین شوێنی عێراق درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران بەردەوامن لە داواکانیان و سورن لەسەر ئامانجەکانیان.


نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی عەبدولمەهەدی و حەلبوسی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکاندا، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاندووه‌: ‌ شه‌وی ڕابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدی سەرۆک وەزیران به‌ ئاماده‌بوونی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی‌ پەرلەمان، فایق زێدان سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ دادوەری و وەزیرانی‌ ناوخۆ و بەرگری‌ و فەرماندە ئەمنییەكان كۆبووەتەوه‌و دوایین گۆڕانكاری و ڕێوشوێنە پێویستەكان بۆ پاراستنی‌ ئاسایش و یاسا تاووتوێكراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوو دەسەڵاتی‌ دادوەری‌ و یاسادانان پشتیوانی‌ خۆیان بۆ هەوڵەكانی‌ حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان بۆ چەسپاندنی‌ ئاسایش و سەقامگیری‌ لە تەواوی‌ عێراق و پارێزگاریكردنی‌ خۆپیشاندەران و موڵك وماڵی‌ گشتی‌ و تایبەتی‌ و دامەزراوە ئابوورییەكان دەربڕیوه.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ١٢ ڕۆژە خۆپیشاندانەکان لە چەندین پارێزگای عێراق لە ناویاندا بەغدای پایتەخت بەردەوامیی هەیە، خۆپیشاندەران چەندین داواکارییان هەیە، کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی عێراق و گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتە.

تا ئیستا سەدان خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کوژراون و هەزارانیش بریندارن، بەڵام ئەوانە نەیانتوانیوە ناڕەزایی هاڵاتیان کپبکەنەوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە خۆپیشاندان درێژەی هەیە، حکومەتیش کەمێک پێش ئێستا بۆ دووەم جار هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە وڵاتدا بڕی.

س.ح