خۆپیشاندانەکانی ئێران پەرەدەسێنێت

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئێران، کە لە شاری ئەسفەهانەوە و لەدژی گرانیی و هەڵئاوسانی ئابووریی دەستیپێکردبوو، بەسەر چەندنی شاری دیکەدا بڵاوبووەوەتەوە و ئاژانسە ئێرانییەکانیش دەڵێن پێشەنگی ئەو خۆپیشندانانە ژنانن.


شەوی ڕابردوو، لە پێنجەمین ڕۆژی دوایبەدوایەکی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە شارەکانی، ئەسفەهان، کەرەج، و تاران هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقامەکان و سەرەڕای ناڕەزاییەکانیان لەدژی قەیرانە ئابورییەکان دروشمی دژبە حکومەتیان وتەوە.

ئەو خۆپیشاندانانە سەرەتا بە دەستپێشخەریی دووکانداران و کاسباکاران دەستیان پێکرد،  پاشان شۆفێری تەکسی و بارهەڵگرەکان و هەروەها کارمەندانی حکومەتیش بەشداری بوون.

دوێنێ میدیاکانی سەربە سوپای پاسداران ئاشکارایان کرد، کە لە خۆپیشاندانەکانی شەوی هەینی لە شاری کەرەج، واتە لە چوارەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەرێک کوژراوە.

لەپاش ئەو ڕووداوە و دەستگیرکردنی زیاتر لە ٢٠ خۆپیشاندان لە شاری کەرەج، ڕێگاکان و شەقامەکانی دەوروبەری گەڕەکی گەوهەردەشتی کەرەج داخران و قەدەغەی هاتووچۆ لە بەشێکی زۆری ئەو شارەدا ڕاگەیەندرا.

هەر ئەو ئاژانسانەی سەربە سوپای پاسداران لە هەواڵێکدا دانیان بەوەدا نا، کە پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانە ژنانن، ئەوەشی بەتایبەتی بۆ خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی تاران نووسیوە.

ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئێڕان لەدژی دۆخی ئابووریی لە کاتێکدایە، کە سبەینێ ژمارەیەک بایکۆتی دیکە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە لەدژی ئێران جێبەجێدەکرێن، ئەوەش دۆخی ئابووریی ئێڕان زیاتر تووشی گیروگرفت دەکات، بۆیە پێدەچێت نەک ناڕازییەکان ئارام نەبنەوە بەڵکو توندتریش ببنەوە.

ش.ف