خۆپیشاندان لە ئێران دەستیپێکردەوە.. بە ڤیدیۆ

هاوڵاتیانی شاری ئەسفەهانی ئێران لە گەڕەکی شاپوری ئەو شارە، ئەمڕۆ بۆ دووەمین ڕۆژ ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی گرانی و هەڵئاوسانی ئابوری خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.


دوێنێ لەسەر بانگەوازیی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانە لە شارەکانی ئێران لەدژی گرانی و هەڵئاوسان، ئەو خۆپیشاندانە لە شاری ئەسفەهان دەستیپێکرد و پاشان لە کەرەجیش پەرەی پێدرا.

ئەمڕۆ لە دووەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکەدا، هاوڵاتیان لە شاپوری ئەسفەهان دەستیان بە ڕێپێوان کردووە و بە وتنەوەی دروشمی "بێدەنگیی هەر ئێرانییەک، خیانەتە بە ئێران" هەروەها داوای پشتگیریی دەکەن بۆ خۆپیشاندانەکەیان.

هێزەکانی پۆلیس لە دەوروبەری خۆپیشاندانەکە دەبیندرێن، بەڵام هێشتا هێرشیان نەکردووە و شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسدا ڕووی نەداوە.

لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا دروشمی دژبە حکومەتی وەکو "مەلا دەرکەن لە ئێران" و "درۆیە دەڵێن دوژمن ئەمریکایە، دوژمنمان وا لێرەیە" وترایەوە.

لە بەرامبەردا هێزەکانی پۆلیس هەم لە کەرەج و هەم لە ئەسفەهان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.

ئەو خۆپیشاندانانە لەدژی گرانی وهەڵئاوسانی ئابوری لە کاتێکدایە، کە بەهای تمەن ڕیکۆردی داکشانی شکاندووە و لە ئێستادا هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێڕاندا بە زیاتر لە ١٠ هەزار تمەن مامەڵەدەکرێت.

هاوڵاتیان نیگەرانن، پاش ڕۆژی ٦ی ئاب کە زنجیرە گەمارۆیەکی ئابوری دیکەی دەوڵەتی ئەمریکا لەدژی ئێران ڕادەگەیەندرێت، دۆخی ئابوری و ژیانیان خراپتر بێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو خۆپیشاندانە سنووردار نەبێت بە ئەسفەهان و بە شارەکانی دیکەی ئێران، وەک تارانی پایتەخت، ئەهواز و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بڵاوببێتەوە.

س.ح