خۆپیشاندەران زۆربەی شەقامەکانی بەغدایان داخستوو هاتوچۆیان پەکخست

خۆپیشاندەران و خەڵکی بەغدا بەرامبەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان نافەرمانی مەدەنی گشتییان ڕاگەیاند و زۆربەی شەقامەکانی بەغدایان داخست و هاتوچۆیان پەکخست.


لە بەیانی ئەمڕۆوە خەڵک و خۆپێشاندەرانی بەغدا نافەرمانی مەدەنی گشتییان ڕاگەیاندووە و هەموو شەقامەکانی بەغدایان داخستووە و داوایان لە فەرمانبەران کردووە کە کارەکانیان لە هەموو فەرمانگە و ڕێکخراوەکان ڕابگرن.

یەکێک لە خۆپێشاندەران بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند؛ لە ئێستادا زۆربەی شەقامەکانی بەغدا لەلایەن خەڵک و خۆپیشاندەرانەوە داخراوە و هاتوچۆ لە شەقامەکان ڕاگیراوە، بە تایبەت لە ڕۆژئاوای بەغدا شەقامەکان بە تەواوەتی داخراون.

ئەو خۆپیشاندەرە، ڕاشیگەیاند: بەهۆی داخستنی شەقامەکانەوە خوێندکاران ناتوانن لە خوێندنگاکان ئامادەبن و بەشێک لە فەرمانگە و ڕێکخراوەکان کارەکانیان ڕاگیراوە.

ئەوەشی وت، کە لە ئێستادا هاتوچۆ لە شەقامەکانی بەغدا بە ئۆتۆمبێل ناکرێت و کاری گواستنەوە پەکی کەوتووە.

ک.س