دادگای فیدراڵیی داوای ڕاگرتنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە

دادگای فیدراڵیی، پێنج داواکاریی بۆ ڕاگرتنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕەتکردەوە.


ئیاس ساموک، وتەبێژی دادگای فیدراڵیی لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دادگا کۆبوونەوەیەکی لەسەر پێنج داواکاریی ئەنجامدا، کە داوادەکەن دادگا جێبەجێکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕابگرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دادگا پێی وایە بڕیاردان لەسەر ئەو داواکارییانە بەبێ گوێگرتن لە وەڵامی لایەنی بەرانبەر(ئەنجومەنی نوێنەران)، لایەنگریی بۆ داواکارییەکە دروستدەکات، بۆیە ئەو داواکارییانە ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی ٦/ئەم مانگە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی هەموارکردەوە و تیایدا بڕیاریدا هه‌موو ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌.

شەوی ڕابردووش، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند:حکومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن و دووباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنیان نییه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى دادگاى فیدراڵیدایه‌.

 

ش.ف