دادگای فیدراڵی: کارکردن بە ماددەی ١٤٠ بەردەوام دەبێت

دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراق، بڕیاری‌ دا، کە كاركردن به‌ مادده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووریی‌ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ دابرێندراوەکان به‌رده‌وام بێت تا ئامانجەکەی بەدی دێت.


ئەمڕۆ ئەیاس سامۆک، وته‌بێژی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بەسەرجوونی ماددەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە ناوچە دابڕێندراوەکان.

بڕیارەکە دوای تاوتوێ کردنی داوایەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دراوە، کە پرسیاریان ئاڕاستەی دادگا کردووە ئایا ماددەی ١٤٠ی دەستوریی وادەکەی تەواوبووە؟ بەردەوام دەبێت یان نا؟ لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوەی دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دادوه‌ر میدحه‌ت مه‌حمود و ئاماده‌بوونی‌ دادوه‌رانی‌ ئه‌ندام ئەنجام دراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەیاس سامۆک-دا هاتووە"دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ پێیوایه‌ كه‌ ماده‌ی‌ ١٤٠ی‌ ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن پابه‌ند ده‌كات به‌ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌نگاوی‌ پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پێداویستییه‌كانی‌ ماده‌ی‌ ٥٨ له‌ یاسای‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ یاسای‌ قۆناغی‌ ڕاگوزه‌ری‌ به‌ هه‌موو به‌نده‌كانییه‌وه‌، كه‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ ١٤٣ی‌ ده‌ستوور ده‌بێت كاری‌ پێبكرێت".

ئەوەش هاتووە:"دادگا له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ ئامانج له‌ مادده‌ی‌ ٥٨ به‌دیهێنانی‌ دادوه‌رییه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ گۆڕینی‌ دیمۆگرافییان تێدا ئه‌نجامدراوه‌ له‌ڕێی‌ كۆچپێكردنی‌ به‌زۆر".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سامۆک، دادگا پێیوایه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ته‌واو نه‌بوون و ئامانجی‌ دانانی‌ ماده‌ی‌ ١٤٠ی‌ ده‌ستوور به‌دینه‌هاتووه‌ و پێویسته‌ هه‌موولایه‌نه‌كان ماده‌كه‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ن.

هەروەها، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە "دادگا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌  واده‌ی‌ دیاریكراو بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ ١٤٠ی‌ ده‌ستور بۆ كاری‌ ڕێكخستن دانراوه‌ تا هانی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بدات جێبه‌جێی‌ بكه‌ن و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و ئامانجه‌كانی‌ نییه"‌.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵییدا هاتووە:"له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ بڕیاری‌ دا كه‌ كاركردن به‌ ماده‌ی‌ ١٤٠ی‌ ده‌ستوری‌ كۆماری‌ عێراق به‌رده‌وام بێت تا پێویستییه‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت و ئامانجه‌كه‌ی‌ به‌دیدێت".

جێگای ئاماژەیە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە (ئەنجومەنی حوکم) لە ساڵی ٢٠٠٤ ماددەی (٥٨) سەبارەت بە ناوچە دابرێندراوکان لە هەرێمی کوردستان جێگیر کرا و پاشان لە دەتوری عێراق-دا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کرا، ماددەکە گۆڕدرا بە ماددەی ١٤٠.

ش.ف